توركیا: گه‌ر ڤیزا له‌سه‌ر هاوڵاتیانمان هه‌ڵنه‌گیررێت ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌

 
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا له‌ داهاتوویه‌كی‌ دیاریكراودا ڤیزا له‌سه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵنه‌گرێت، له‌به‌رامبه‌ر ڕێگریكردن له‌چوونی‌ كۆچبه‌ران، ئه‌وا ناچارن ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.
مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا له‌ میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی فرانكفۆرتی‌ ئه‌ڵمانی ڕایگه‌یاندوه‌، به‌هۆی‌ ئه‌و ڕێوشوێنه‌ی‌، توركیا گرتویه‌تیه‌به‌ر، ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ توركیاو یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ كۆچبه‌ران تا ئێستا هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌.
وتیشی‌ “گه‌ر بێت‌و تا مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵ یان داهاتوویه‌كی‌ دیاریكراو، ڤیزا له‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌ڵنه‌گرێت، ئه‌وا ناچارن ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپادا هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌”.
دوای‌ چوونه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنی‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ توركیا و یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا له‌ ئازاری‌ ئه‌مساڵه‌وه‌، گرفت له‌نێوان توركیاو یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌سه‌ر پرسی‌ هه‌ڵگرتنی‌ ڤیزا دروست بوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵگرتنی‌ ڤیزا له‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ توركیا له‌لایه‌ن ئه‌وروپاوه‌، ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ نییه‌ یاسای‌ تیرۆر هه‌موار بكاته‌وه‌.