بودجەی سلێمانی خەرج ناكات

دوای (10) مانگ چاوەڕوانی، تائێستا وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بودجەی ئاسایی بۆ ئاودانی بلوارەكان‌و پاركی هەواری شارو بەكرێگرتنی تەنكەر بۆ ئاودانی باخچەو سەوزاییەكانی سلێمانی دەرنەبڕیوە.
درێژەكێشانی قەیرانی دارایی لەماوەی سێ ساڵی رابردودا، جگە لە راگرتنی بەشی زۆری پرۆژەكان، مەترسی لەسەر ئەو پرۆژانەش دروستكردوە كە لە رابردو دروستكراون، زیاتر لە (10) مانگە شارەوانی سلێمانی نوسراوی كردوە بۆ تەرخانكردنی بودجە بۆ ئاودانی بلوارەكانی سلێمانی‌و پاركی هەواری شارو بەكرێگرتنی تەنكەر بۆ ئاودانی باخچەو سەوزاییەكانی ناوشار، بەڵام تائستا وەزارەتی دارایی‌و ئابوری رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی ئەو بودجەیە دەرنەبڕیوە، ئەوەش مەترسی لەسەر وشكبونی بەشێك لەدارو درەختەكان دروستكردوە.
عەبدولحەمید عەلی بەڕێوەبەری گشتی پلان‌و بەدواداچون لە وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە 95%ی پرۆژە خزمەتگوزاری‌و ستراتیژییەكان لەكاروەستاون، تەنها چەند پرۆژەیەكی كەم نەبێت كە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بەقەرز ئەنجام دەدرێت.
وتی: ئەئەمە لەكاتێكدایە بەفشاری وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لە 20 %ی داهاتی شارەوانییەكان بدرێتەوە بەخۆیان بۆ ئەنجامدانی پرۆژە گرنگەكان.
نەناردنی بودجەی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی دارایی‌و ئابورییەوە لەكاتێكدایە، بەپێی قسەی یوسف یاسین سەرۆكی شارەوانی سلێمانی” بەنوسراوی رەسمی مانگانە پارەی كاش بۆ ئاودانی پارك‌و سەوزاییەكانی هەولێر تەرخان دەكرێت”.
ئەمە وەك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەڵێت” دەیسەلمێنێت وەزارەتی دارایی جیاوازی لەنێوان شارەكانی هەرێم دەكات‌و بودجە بۆ پرۆژەكانی هەولێر تەرخان دەكات‌و پرۆژەكانی سلێمانیش وەلا دەنێت”.