30 ملیۆن لیتر نەوتی بەغدا دەگاتە سلێمانی

 
بەغدا بڕی 30 ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانەی سلێمانی دەكات و دابەشكردنیشی لەناوچە شاخاوییەكانەوە دەستپێدەكات.
هونەر تۆفیق سكرتێری رۆژنامەوانی پارێزگای سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: لەئەنجامی سەردانەكەی ئەمدواییەی د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی بۆ بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی عیراق بەتایبەت وەزارەتی نەوت، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی بڕی 30 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ سلێمانی و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا.
وتیشی: ئەو 30 ملیۆن لیتر نەوتەی عەبادی رەزامەندی لەسەر دەبڕیوە رەوانەی سلێمانی بكرێت، وەك وەجبەی یەكەمەو ئەگەر هەیە وەجبەی تریشی بەدوابێت، بەڵام بەهۆی كێشەی بارهەڵگر گواستنەوەی نەوتەكە دواكەوتوە.
سكرتێری رۆژنامەوانی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند: لەم هەفتەیەدا لەبەغداوە دەستە بەناردنی نەوتە سپیەكە دەكرێت و دەگاتە سلێمانی و دواتریش بەپێی فۆڕمی ژمارە 25 لەناوچە ساردەكانەوە دەستبەداشبەشكردنی دەكرێت و دواتر بەسەر شارو شارۆچكەكاندا دابەشدەكرێت.