بانكی ناوەندی عیراق: بەراورد بە 2015 بڕی فرۆشی دۆلار 5 ملیۆن دۆلار كەمیكردوە

بانكی ناوەندی عیراق ئاشكرایكرد: كە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو قەبارەی فرۆشی دۆلار لە زیادكردنە رۆژانەییەكانی بانكەكەیاندا زیاترلە (5) ملیۆن دۆلار كەمیكردوەو تاوەكو هەفتەی رابردووش بری ئەو دۆلارەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە فرۆشتویانە (17) ملیارو (669) ملیۆن و (520) هەزار دۆلاری تۆماركردوە.
كەمبونەوەی بری فرۆشی دۆلاریش لەلایەن بانكی ناوەندیەوە دوای ئەودێت، كە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا عەلی عەلاق پارێزگاری بانكەكە رایگەیاند:  كە چیتر نابنە ناوەندێكی سەرەكی بۆ فرۆشتنی دۆلار و لەبەرامبەریشدا چەند ئالێتیەكی نوێ‌ بۆ فرۆشتنی دۆلارو پاراستنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا دەگرنەبەر.
هاوكات مانگی رابردووش بانكی ناوەندی عیراق بە نوسراوێك سەرجەم بانك و كۆمپانیاكانی فرۆشتنی دراوی لەوە ئاگاداركردۆتەوە، كە بری پێ‌ فرۆشتنی دۆلار بۆ ئەو كەسانە كەم بكەنەوە، كە بە نیازن گەشتی دەرەوەی ووڵات بكەن.