سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، به‌هه‌ده‌ردانێكی زۆر له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه له‌كاره‌بای نیشتمانیدا ده‌كرێت، بۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا ناتوانرێت (24) كاتژمێر كاره‌با بدرێته هاوڵاتیان، هاوكات له‌باره‌ی نرخی نهوتو خهرجیهكانهوه ڕونكردنهوه ده‌دات.
نوسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی (حه‌یده‌ر عه‌بادی) سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه، عه‌بادی له‌كاتی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پارێزگار ڕایگه‌یاندوه، ساڵانه حكومه‌ت له‌بودجه‌ی گشتی وڵات پێویستی به (10) ملیار دۆلاره بۆ ته‌مویلكردنی كاره‌با، ده‌شڵێت:”به‌هۆی ده‌ستنه‌گرتنی هاوڵاتیانه‌وه به‌كاره‌بای نیشتمانیه‌وه، (80%)ی ئه‌و وزه‌یه به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات كه به‌رهه‌مده‌هێندرێت”.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌پێویستیشی زانی پلانی تایبهتو به‌په‌له بۆ به‌هه‌ده‌ردانی كاره‌با له‌پارێزگاكانی عێراقدا دابڕێژرێت.
سه‌باره‌ت به‌فرۆشی نه‌وتی عێراقیش، عه‌بادی ڕایگه‌یاندوه، له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له‌بازاڕه‌كان جیهاندا به (31) دۆلار فرۆشراوه، ئه‌وه‌ش له‌ئاستی دابینكردنی موچه‌ی فهرمانبهرانو خانه‌نشیناندا نییه، چ جای دابینكردنی نه‌فه‌قاتی جهنگو خه‌رجیه‌كانی تهندروستیو خوێندنی باڵا‌و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، پاڵپشتیكردنی كه‌رتی پیشهسازیو كشتوكاڵی‌و چه‌ند كه‌رتێكی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری، كه به‌رده‌وام پێویستیان به‌خه‌رجی هه‌یه.