بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، حكومەتی هەرێم بەنیازە بەرهەمهێنان و پێدانی ووزەی كارەبا بە هاوڵاتیان بداتە كەرتی تایبەت و وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمیش رای دەگەیەنێت بە جێبەجێبوونی ئەو كارە پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان دەبێتە (24) سەعات و موەلیدە ئەهلیەكانیش نامێنن.
لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری تۆری هەواڵی سلێمانی محەمەد هەورامی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاندوە: كاركردنیان لەسەر پێدانی بەرهەمهێنانی ووزەی كارەبا بە كەرتی تایبەت بەردەوامەو لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵیشدا راپۆرتی كۆتایی پرۆژەكەیان تەواو دەبێت و بڵاوی دەكەنەوە.
وتیشی: ئامانجی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت ئەوەیە كارەبای نیشتمانی بكرێتە (24) سەعات و ئەو كاتیش كاركردنی موەلیدە ئەهلیەكانی ناو گەرەكەكان نامێنن.
وتیشی: لەگەڵ پێدانی كارەبادا بە كەرتی تایبەت كارمەندەكانی وەزارەتی كارەبا سەرپشك دەكرێن بەوەی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا ئارەزوومەندانە دەمێننەوەو كار دەكەن یاخود وەك فەرمانبەر بەسەر وەزارەت و دامەزراوەكانی تری حكومەتدا دابەش بكرێن.