٤٧ شوێنی پێشەسازی لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی داخران

 
بەرپرسی یەکێتی پێشەسازی شیرەمەنی لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی ڕایگەیاندووە کە:” سەرجەم ١٠٤ شوێنی پێشەسازیی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەم پاڕیزگایەدا چالاکیان هەیە کە لەم نێوانەدا ٨ شوێن مۆڵەتی ئیزنی ئیشکردنی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و ٤٧ شوێنی دیکەش داخراون”.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، “حەمید فەرزانە” لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی “تەسنیم” لە مەشهەد ڕایگەیاندووە کە:” پاشماوەی شوێنە پیشەسازییەکان لەسەدا ٣٠% چالاکن  و لەسەدا٢٠%ی بەرهەمەکانیش لە ئەمبارەکاندا ماونەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە شوێنی تایبەت لە بازاڕدا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات تەرخان نەکراوە”.
بەرپرسی یەکێتی پێشەسازیی شیرەمەنیەکان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی ڕایگەیاند کە:” تەنیا شوێنی هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستانه”.
“فەرزانە” ڕایگەیاند کە”گرفتی ئابووری خەڵک لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی کەمبوونی داواخوازی لە نێو بازاڕەکاندا و ئەم بابەتەش بووەتە هۆکارێک بۆ کەمبوونی هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ دەرەوەی وڵات و لە ناوخۆدا.”
هەروەها سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکان بۆ وڵاتی ڕووسیە وتی:” ڕووسیە تەنیا داواخوازی یەک بەرهەمی پەنیری تایبەتە کە خاوەنکارانی کارگەکان لە خۆراسان توانای دروستکردنی بەرهەمەکەیان نیە.”