دوای نه‌مانی مرۆڤ زه‌وی چی به‌سه‌ردێت

زانایان دەڵێن مادام سەردەمی دیناسۆرەكان لەسەر گۆی زەوی كۆتایی هات و لەنێوچوون، بێ شك ڕۆژەك دێت سەردەمی مرۆڤیش لەسەر گۆی زەوی كۆتایی دێت.
ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی بەڤیدیۆیەك پرسیارەكە دەورووژێنێ و وەڵامێكی كورتیش دەداتەوە.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیە، هەسارەی زەوی پێویستی بەماوەیەكی دوور و درێژ نییە تا لەگەڵ نەمانی مرۆڤدا ڕابێت.
چەند سەعاتێكی كەم لە دوای نەمانی مرۆڤدا، ڕووناكی لەسەر ڕووی زەوی نامێنێ و وزەی كارەبا دەبڕێ و تەواوی گڵۆپەكان دەكوژێنەوە، تەنها وێستگە كارۆئاوییەكان تا ماوەیەكی درێژ لەكاردا دەمێننەوە.
تۆڕەكانی میتڕۆ لە دوای دوو یان سێ ڕۆژدا ژێر ئاو دەكەون.
ئاژەڵە ماڵییەكان و ئاژەڵی كێڵگەكان لە دوای 10 ڕۆژدا دەمرن لە برسا. ئینجا سەگە گەورەكان دەست بەخواردنی ئاژەڵەكانی تر دەكەن.
لە دوای مانگێك ئاوەكانی ساردكردنەوەی وێستگە ئەتۆمیەكان دەبنە هەڵم، ئەمەش دەبێتە هۆی كارەساتە گەورەكە و زنجیرەیەك تەقینەوەی زەبەلاحی ئەتۆمی ڕوودەدەن. بەڵام گۆی زەوی بەماوەیەكی كورت دێتەوە سەر خۆی.
ئینجا دوای ساڵێك، مانگە دەسكردەكان دەست دەكەن بەكەوتنە خوارەوە و لە خولگەی خۆیان لادەدەن. دوای 25 ساڵ گژوگیا و سەوزایی سەرتاپای زەوی دادەپۆشێت.
لە ماوەی 300 ساڵیشدا، تاوەر و پردەكان دەخورێن و دەكەون. تاكە شوێنەواری مرۆڤ كە بمێنێتەوە، بریتی دەبێت لەو بەردە گەورانەی هەرەمەكانی میسر و دیواری چین و چیای راشمور.