کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە هەڵەبجە ڕۆژانە توانای وەرگرتنی ٢٠٠ تەن تەماتەی هەیە بەپێی هەموو پێوەرە زانستیو تەندروستیەکان دەستی کردوە بەقۆناغی ئەزمونیو جۆرەکەشی لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت دەبێت حکومەت هاوکاری ئەم کارگانە بکات.
خەڵەف ئەحمەد ئەندامی لێژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: گرنگی ئەم کارگەیە بۆ هەڵەبجە و هەورامانو شارەزوور لەوەدایە ئەم کۆمپانیایە دەیەوێت لە ساڵی داهاتوودا زەویە کشتوکاڵیەکان لەجوتیاران وەربگرێتو خۆی بەباشترین تۆوو زەویەکان بچێنێت بۆ ئەوەی باشترین بەرهەمیان هەبێت، بۆیە زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم پشتیوانی لەم کارگەیە بکات بۆ ئەوەی ئەم کارگەیە نەروخێت و دانەخرێت، چونکە لەم قۆناغەدا کەقەیرانی داراییە ئەم گارگەیە نەک قازانج ناکات بەڵکو زەرەر دەکات بەڵام مەبەستیەتی منافەسەیەک دروست بکات لە بازاڕدا کەزۆر گرنگە بۆ ئێمە منافەسەی بەرهەمی دەرەکی بکەین کەساڵانە ملیۆنەها دۆلارمان دەروات بۆ وڵاتانی دەرەوە لەتورکیا و ئێرانو ولاتانی دەیکە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئەم کارگەیە منافەسە دروست دەکات لەنێوان بەرەهەمی دۆشاوی خۆماڵی و بەرهەمی دەروەی کوردستان بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم باج لەسەر کارگەکە کەم بکاتەوە و ساڵەنەی لێوەرنەگرێتو کارەبای ٢٤ سەعاتی باتێ.
خاوەنی کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور ڕایدەگەیەنێت: رۆژانە ٢٠٠ تەن تەماتە وەردەگرنو ٥٠ هەزار قوتو بەرهەمدەهێنن، لەئێستادا کارگەکە لەقۆناغی ئەزمونیدایە.
خاوەنی کارگەکە دەڵێت: ئێمە لەقۆناغی یەکەمدا رۆژانە ٢٠٠ تەن تەماتە وەردەگرینو ٥٠ هەزار قوتوش دەخەینە بازاڕەوە ئەمە لە قۆناغی یەکەمدا بەڵام بەرنامەمان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو خۆمان زەویەکان لە جوتیاران وەربگرین وەک کرێی بێت یان کڕین، ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ دۆنم وەربگرینو خۆمان نمونەی (سامپڵ)ی زەویەکان بەرینە تاقیگەکانی دەرەوەی کوردستانو فەحسی بکەین بۆ زانینی کوالێتی زەویەکان، باشترین تۆوو لەدەورەوەی کوردستان بهینین وە سەمادی بۆ بەکاربهینین بۆ ئەوەی زەویەکان زۆرترین بەرهەمیان هەبێت وەباشترین بەرهەم لە تامو جێژ و جۆردا بخەینە بازاڕەوە بتوانین منافەسەی بەرهەمی دەرەوەی پێبکەین، وتیشی: پلانمان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو تەماتە لە جوتیارانیش وەربگرین بەرهەمەکەمان زیاد بکەین بۆ ٧٠٠ تەن.
کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور بڕیارە لەساڵی داهاتوودا ڕۆژانە ٣٠٠ تەن تەماتەی جوتیاران وەربگرێتو لە رێگەی ٣ شەفتی جیاوازەوە ڕێژەی بەرهەمهێنانی بەرزبکاتەوە و لەگەڵ بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەشدا بڕیارە شەربەتی مێوژو هەناریش بەرهەم بهێنێت.