وەزارەتی نەوتی عێراق: بڕی نەوتی هەناردەكراوی مانگی حوزەیران و داهاتەکەی ئاشكرا كرد

 
وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕی نەوتی هەناردەكراوی مانگی حوزەیران و ئەو داهاتەی ئاشكرا كرد كە لەو مانگەدا لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەستهاتوە.
ئەمڕۆ دوشەممە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، رایگەیاند؛ لە مانگی حوزەیراندا لە رێگەی بەندەرەكانی بەسرەوە، كۆمپانیای سۆمۆ (95) ملیۆن و (300) هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەرەكانی بەسرە و خۆرلعەمیە و بەندەرەكانی دیكەى كەنداوەوە هەناردە كردوە و بە (31) كۆمپانیای جیهانی فرۆشراوە. 
ئاشكرا كردوە؛ كۆی داهاتی نەوتی ئەو مانگە، گەیشتوەتە سێ‌ ملیار و (829) ملیۆن دۆلار و تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت لەو مانگەدا (40) دۆلار و (17) سەنت بوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە؛ “بەهۆی پابەند نەبونی هەرێمی كوردستان بە رێکكەوتنە نەوتییەكەی لەگەڵ بەغدا، سۆمۆ هیچ بڕە نەوتێكی هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا نەكردوە”.
باسى لەوەکردوە؛ وەزارەتى نەوت بۆ  ئاگاداركردنەوەی گەلی عێراق و پەرەدان بە شەفافیەت، مانگانە وردەكاریی هەناردەكردن و داهاتی نەوت بڵاودەكاتەوە.