ورده‌كاری فرشتی نه‌وتی مانگی (7)ی هه‌رێم ئاشكرا بوو

 
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان ورده‌كاری‌ فرۆشتنی‌ نه‌وتی‌ مانگێكی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات به‌بڕی‌ یه‌ك ملیار دۆلار.
(سۆران عومه‌ر) ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مانگی حه‌وتی‌ ساڵی (2015) له‌ (20) ناوچه‌و كێڵگه‌ی نه‌وتی، توانای به‌رهه‌مهێنانیان گه‌یشتووه‌ته‌ (930,500) به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌، به‌ڵام (848,000) به‌رمیل نه‌وتیان له‌و كێڵگانه‌ به‌رهه‌مهێناوه‌و هه‌نارده‌ی توركیاو ناوخۆیان كردووه‌. 
به‌م جۆره‌ی‌ لای‌ خواره‌وه‌ :
له‌و مانگه‌دا نرخی نه‌وت له‌ 64 $ دا بووه‌و دابه‌زیوه‌ تاكو 54 $ .
1- كۆمپانیای KAR له‌كێڵگه‌نه‌وتیه‌كانی: خورمه‌ڵه‌، كه‌ركوك (بابی حه‌سه‌ن و هاڤانا) (295) هه‌زار به‌رمیلیان لێ به‌رهه‌مهێنراوه‌ ڕۆژانه‌، (80) هه‌زار به‌رمیلی بۆ پاڵاوتگه‌ی كه‌ڵه‌ك نێردراوه‌‌و (215) هه‌زار به‌رمیلی به‌بۆری ڕه‌وانه‌ی توركیا كراوه‌.
2- NOC  له‌عه‌ینزاله‌ ڕۆژی (10) هه‌زار به‌رمیل، له‌(جه‌مبور، خه‌بازه‌، كه‌ركوك (بابه‌))، (150) هه‌زار به‌رمیلیان لێ به‌رهه‌مهێنراوه‌ ڕۆژانه‌، سه‌رجه‌میشی هه‌نارده‌ی توركیا كراوه‌ له‌ڕێگه‌ی بۆریه‌وه‌، به‌ڵام (10) هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی عه‌ینزاله‌ ئاماژه‌ی پێ نه‌كراوه‌ له‌كوێ فرۆشراوه‌و چی لێكراوه‌!. 
3- كۆمپانیای TTCOPCO له‌كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق، (150) هه‌زاریان به‌رهه‌مهێناوه‌و (30) هه‌زار به‌رمیلی بۆ پاڵاوتگه‌ی بازیان گوازراوه‌ته‌وه‌و (110) هه‌زار به‌رمیلیشی به‌بۆری ڕه‌وانه‌ی توركیا كراوه‌، (10) هه‌زار به‌رمیلیش ڕۆژانه‌ له‌م كێڵگه‌یه‌ ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه‌ كه‌ چی لێكراوه‌؟.
4- كۆمپانیای Gulf Keystone له‌كێڵگه‌ی شێخان، (35) هه‌زار به‌رمیلیان لێ به‌رهه‌مهێنراوه‌ ڕۆژنه‌، پێنج هه‌زار به‌رمیلیان به‌بۆری ناردووه‌ بۆ توركیاو (30) هه‌زار به‌رمیلیشیان به‌ته‌نكه‌ر ڕه‌وانه‌ كردوه‌.
5- هه‌ردوو كۆمپانیای Dana / Krescent له‌كێڵگه‌ی كۆرۆمۆر، ڕۆژانه‌ (16) هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌و له‌ناوخۆدا به‌كارهێنراوه‌.
6- كۆمپانیای DNO له‌كێڵگه‌كانی تاوكی‌و به‌نێنان‌و به‌ستۆره‌، له‌كێڵگه‌ی تاوكێ ڕۆژانه‌ (170) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مهێنراوه‌، (5500) به‌رمیلی ڕۆژانه‌ی دراوه‌ به‌تاوكێ كه‌ پاڵاوتگه‌یه‌كی كۆمپانیای DNOی لێیه‌، (150) هه‌زار به‌رمیلیشی به‌بۆری ڕه‌وانه‌ی توركیا كراوه‌، (20) هه‌زار به‌رمیلیش به‌ته‌نكه‌ر ڕه‌وانه‌ی توركیا كراوه‌.
7- كۆمپانیای Genel Energy له‌كێڵگه‌ی میران، كه‌ توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی سێ هه‌زاره‌، كێڵگه‌ی بنه‌باوی توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ پێنج هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، به‌ڵام هیچ نه‌وتێك له‌م دوو كێڵگه‌ به‌رهه‌م نه‌هێنراوه‌.
8- كۆمپانیای HKN له‌كێڵگه‌كانی سواره‌ توكه‌ توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی پێنج هه‌زار به‌رمیله‌، (4500) به‌رمیلی لێ به‌رهه‌مهێنراوه‌.
9- كۆمپانیای Afrn له‌كێڵگه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی‌ (1500) به‌رمیله‌‌و هیچ نه‌وتێكی لێ به‌رهه‌م نه‌هێنراوه‌.
10- كۆمپانیای Gass Plus له‌كێڵگه‌كانی خه‌له‌كان توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی پێنج هه‌زار به‌رمیله‌، پێنج هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌.
11- كۆمپانیای Kalengrem (MOL) له‌كێڵگه‌ی ئاكرێ توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی پێنج هه‌زار به‌رمیله‌، هه‌ر پێنج هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ .
12- كۆمپانیای Oryx له‌كێڵگه‌ی ده‌میرداغ توانای به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی (25) هه‌زار به‌رمیله‌، (11) هه‌زار به‌رمیلی به‌رهه‌م هێنراوه‌.
13- كۆمپانیای WesternZagros له‌كێڵگه‌ی گه‌رمیان توانی به‌رهه‌می ڕۆژانه‌ی (15) هه‌زار به‌رمیله‌، (6500) به‌رمیلی به‌رهه‌م هێنراوه‌.
سۆران عومه‌ر باسی له‌وه‌شكردوه‌، له‌كۆی به‌رهه‌م هاتووی كێڵگه‌كانی (سواره‌ تووكه‌، خه‌له‌كان، ئاكرێ، ده‌میرداغ، گه‌رمیان) ڕۆژانه‌ (21) هه‌زار به‌رمیل له‌ناوخۆدا به‌كارهێنراوه‌، (11) هه‌زار به‌رمیلیش به‌ته‌نكه‌ر ڕه‌وانه‌ی توركیا كراوه‌.
ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌سنوری دهۆك‌و هه‌ولێر گه‌یشتۆته‌ ئاستێكی به‌رز، به‌ڵام له‌سلێمانی له‌كه‌مترین ئاستی به‌رهه‌مهێناندایه‌، هۆكاری ئه‌مه‌ش گرنگی نه‌دانه‌ به‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی ئه‌و سنوره‌.