بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی توركیاو دەستگیركردنی هەزاران سەربازو فەرمانبەری دەوڵەتەوە، بەهای لیرەی توركی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، نزمترین ئاستی لەماوەی 10 مانگی رابردوودا تۆماركرد.
دوای ئەوەی رۆژی 15ی تەمموز كودەتایەكی سەربازی لە توركیا ئەنجامدراو دواجار بەشكست كۆتایی هات، حكومەتی ئەنقەرە هەڵمەتێكی گەورەی راگەیاند، بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كودەتاكەو بەو بیانووەش بەهەزاران سەربازو پۆلیسی دەستگیركردو بەهەزاران مامۆستاو فەرمانبەری دەوڵەتیشی لەسەر كارەكانیان دوورخستەوە.
تێكچوونی بارۆخی ئەمنی توركیاش بوەتە مەترسیەكی گەورە لەسەر ئابووری ئەو وڵاتەو بەوهۆیەشەوە بەهای لیرەی توركی لە مامەڵەكانی ئاسیادا نزیكەی لەسەدا یەك دابەزیو بەهای یەك دۆلار گەیشتە 3 لیرەو 6 قڕوش، كە ئەوەش بەنزمترین بەهای لیرە دادەنرێت، كە لەدوای مانگی ئەیلولی ساڵی 2015وە تۆمار كرابێت.