دەرفەتی نوێ بۆ غازی كوردستان دەڕەخسێ

بۆڕیی ترانس ئانادۆڵ، بۆڕییەكی هاوبەشی نێوان كۆمپانیای حكومیی نەوت و غازی ئازەربایجان ناسراو بە (SOCAR) و كۆمپانیای حكومیی نەوت و غازی توركیا ناسراو بە (BOTAS)ە كە بەناو خاكی جۆرجیادا غازی سروشتی لە كێڵگەی شاه دەنیزی دووەم لە ئازەربایجانەوە دەگوازێتەوە. 
بەڵام شاه دەنیزی دووەم تاكە ئامانجی تۆڕی بۆڕییەكانی ترانس ئانادۆڵ ناسراو بە (TANAP) نییە، بەڵكو بەدوای كۆمەڵێك سەرچاوەی غازیش لە ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێت.
هەندێك پێیانوابوو بۆڕییە غازییەكانی ترانس ئانادۆڵ بەمەبەستی گواستنەوەی غاز بۆ بۆڕییەكانی نێوان توركیا و نەمسا ناسراو بە (NABUCCO-WEST) دانراوە و دەكرێت قەرەبووی ئەو بۆڕییانە بێت كە بڕیار بوو دابنرێن و دواتر سەری نەگرت. بەڵام بۆڕییەكانی ترانس ئانادۆڵ دەكەونە ئەو خاڵەی كە لەگەڵ بۆڕییەكی دیكەی نێوان ئازەربایجان ئیتاڵیا یەكدەگرێتەوە و بە ترانس ئادریاتیك (TAP) ناوی دەركردووە. 
كاتێك سەیری نەخشەی بۆڕییەكانی ترانس ئانادۆڵ دەكەین، دەبینین خاڵی یەكگرتنەوەی لەگەڵ بۆڕییەكانی ترانس ئادریاتیك دەكەوێتە شارۆچكەی  ئیپسالای پارێزگای ئەدرنە لە باكووری رۆژئاوای توركیا.
ئەوەی لێرەدا شایانی بایەخپێدانە ئەوەیە هێڵی گواستنەوەی ترانس ئانادۆڵ بەشێكە لە ستراتیژی توركیا بۆ ئەوەی ببێتە جەمسەری گواستنەوەی وزە لە ناوچەكەدا. لە هەمانكاتدا توركیا بە نیازە ئاسایشی وزەی خۆی بەرەوپێش بەرێت و پێویستی وڵاتەكەی بە غازی سروشتی پڕ بكاتەوە. 
رەنگە توركیا پلانی درێژخایەنی ئەوەی هەبێت كە لە وڵاتێكی گوێزەرەوەی غازەوە ببێتە ناوەندێك بۆ سەرلەنوێ فرۆشتنەوەی ئەو غازەی هاوردەی كردووە، بەڵام حاڵی حازر توركیا بەشێك لەو غازە بەكاردەهێنێت كە لە رێگەی بۆڕییەكانی ترانس ئانادۆڵەوە دەگوازرێنەوە.
هەرێمی كوردستان بە 3 بۆ 6 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی دەكرێت یەكێك لە دابینكارانی غازی سروشتی ئەم بۆڕییە بێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆڕییەكی گواستنەوەی نەوتی هەتا سەر سنووری نێوان عێراق و توركیا دروستكردووە و ئێستاش چالاكە و رۆژانە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەم بۆڕییەوە بۆ توركیا دەگوازرێتەوە. 
لە بنەڕەتدا بڕیار بوو ئەم بۆڕییە بۆڕی غاز بێت، بەڵام دوای شكستی پڕۆژەی بۆڕی غازی توركیا-نەمسا و كەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە كەرتی غازی سروشتی، بە ناچاری بۆڕییەكان گۆڕان بۆ بۆڕیی نەوت.
بەڵام غازی سروشتی بەهایەكی ستراتیژی بۆ كوردستان هەیە و هەر ئەمەش وای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە دوای دەرفەتی نوێی هەناردەكردنی غازی سروشتیدا بگەڕێت. 
ئێستاش تۆڕی ترانس ئانادۆڵ دەكرێت ئەم دەرفەتە بێت بۆ ئەوەی غازی سروشتیی كوردستان هەناردە بكرێت، چونكە ئەم بۆڕییانە لەڕووی جوگرافییەوە نزیكترین بۆڕین و ساڵانەش توانای گواستنەوەی 31 ملیار مەتر سێجا غازیان هەیە. 
كێڵگەی شاه دەنیز ناتوانێت ئەم بڕە غازە بەرهەم بهێنێت، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی ئەم كێڵگەیە هەتا ئێستاش كار لەسەر گەورەكردن و پەرەپێدانی دەكرێت.