بەگوزەرکردن بەبازاڕو مارکێتەکاندا دەبینین ژنان شان بەشانی پیاوان کار دەکەنو بونەتە خاوەن کار وەک خۆشیان دەڵێن لە ئێستادا سلێمانی وای لێهاتوەهیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان پیاو و خانماندا بۆ ئیشکردن، لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەتوانرێت پشت بە ژنانیش ببەسترێت چونکە ئەتوانین زۆر بەباشی ئیشەکانمان ڕابپەڕێنین.
ئاڤان کە خاوان فرۆشگایەکی چانتاو پێڵاوە لە بازاڕی کاسۆمۆڵ لەم بارەیەوە دەڵێت: ”تائێستاش هەندێک ڕێگری لەبەردەم ئێشکردنی ژاناندا ماوە لەدەرەوەی ماڵ چونکە هەندێک کەس ئافرەت بەلاواز سەیردەکات” وتیشی دوام لە خەڵک هەیە کە بەلاوازی سەیری ئافرەت نەکەن چونکە ئێمەش ئەتوانین بەسەر بەرزی ئیش بکەین وەک پیاوان.
سۆزانیش کە خاوەن فرۆشگایەکی سەعاتە دەڵێت: وەک خانمان زۆر ئاسایە لەدەرەوەی ماڵ شان بەشانی پیاوان ئیشبکەین هیچ کێشەیەکمان نیەو زۆر ئاسودەین بە ئیشکردنمان لەخوا بەزیاد بێت هیچ فەرق و جیاوازیەک نابینم لە بەینی ژنو پیاودا، وتیشی ”لەم کاتی قەیرانەدا شەهادە هیچ دەورێکی نەماوە لەبەر ئەوەی دامەزراندن نیە بەس زۆر ئاسایە ئەگەر خانمێک شەهادەشی هەبێت لەدەرەوەی فەرمانگەو دامودەزگاکانی حکومەت لەمارکێتێکا لە دوکانو فرۆشگایەکدا ئیش بکات”.
ئەو ژنو کچانەی لەئێستادا کاردەکەنو پشتیان بە تواناو بازوی خۆیان بەستووە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان باس لەوە دەکەن جیاوازی نابینن لەگەڵ پیاواندا بۆ کارکردن ڕونیشی دەکەنەوە کاردەکەن تاوەکو خۆیان ببن بە بەشێک لەدەستی کار لە هەرێم.
شاگوڵیش کە دەرچووی زانکۆیە بەڵام لە ئێستا دوکانی پۆشاکی خانمانی هەیە دەڵێت: ئەوانەی لێرە ئیشدەکەین زۆربەمان زانکۆمان تەواوکردوە مەرج نیە خانمان بەس لە فەرمانگەکاندا ئیش بکەن بەڵکو ئێمەش دەتوانین لەبازاڕ و مۆڵەکاندا شان بەشانی پیاوان ئیشبکەین، ”وتیشی مەرج نیە هەر خانمێک ئیشی کرد پێویستی پێ بێت بەس بەردەوام لەماڵیشەوە بیت زۆر خۆش نیە بێزار ئەبێت”.
خانمێکیش کە دوکانی عەتری هەیە وتی: ”زۆر ئافرەتمان هەیە کەکار دەکات ئەتوانێت ماڵەوەش بەڕێوەبەرێت و پێداویشتی مناڵ و رۆژانەی ماڵیش دابین بکات بۆیە شتێکی خراپ نیە کە ئافرەت ئیشبکات”، وتیشی هەوڵو توانای خۆمان بەکاردەهێنینو بەرهەمی ماندووبونی خۆمان دەخۆینو پێویستمان بە کەسانی دەوروپشتمان نیە.
لەم ڕاپۆرتەدا دەردەکەوێت ئەو ژنانەی ئێستا خاوەن کار بگرە کاریش دەکەن رۆژ بەرۆژ ڕێژەیان زیاتر دەبێتو ئەو تەوقە کۆمەڵایەتیەش تێکشکاوە کە ڕێگر بوو لەبەردەم کارکردنی ژناندا وەک، وتراویشە (ژنان نیوەی کۆمەڵن) کەواتە بەکارکردنیان و دورنەکەوتنەوە لە کۆمەڵگا دەیانەوێت خۆیان زیاتر لە کۆمەڵگای کوردیدا بسەلمێنن.