توركیا.. زیانە ئابورییەكانی كودەتا سەربازییەكە

كودەتاكەی توركیا زیانی ئابوری زۆری بەو وڵاتە گەیاندوە، بەهای لیرەی توركیا دابەزینێكی بەرچاوی تۆماركرد، ئاژانسی “بلۆمبێرگ” دەڵێت: قەیرانی ئابوری توركیا درێژخایەن دەبێت.
كودەتا سەربازییەكەی توركیا كە پشێوی لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە دروستكرد‌و، قەیرانێكی گەورەی ئابوری لێكەوتەوە، پێشبینی دەكرێت تا ماوەیەكی دورودرێژ ئەو قەیرانە ئابورییە بەردەوام بێت.
ئاژانسی “بلۆمبێرگ”ی تایبەت بە كاروباری ئابوری لەزاری شارەزایانی بواری ئابورییەوە دەڵێت” ناسەقامگیریی سیاسی لە توركیادا رەنگدانەوەی توندی لەسەر ئابوری وڵات دەبێت، زۆرینەی پرۆژەكانی توركیا ئێستادا پشت بە وەبەرهێنان دەبەستێت، ئەو روداوانەی چەند رۆژی رابردوش دڵەراوكێی لای وەبەرهێنەران دروستكردوە”.
بۆ رەواندنەوەی دەڵەڕاوكێی وەبەرهێنەران، محەمەد شیمشێك جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند، هیچ مەترسییەك لەئارادا نەماوە، كە وەبەرهێنەران نیگەران بكات، حكومەتیش هەمو رێوشوێنێكی پێویست لەوبارەیەوە دەگرێتەبەر.
شارەزایانی بواری ئابوری پێیانوایە، كاریگەریی كودەتا سەربازییەكە لەسەر ئابوری توركیا درێژخایەن دەبێت‌و  كورتهێنانیش لە بودجەی ئەمساڵی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی 4.5% بەرزدەبێتەوە، لەكاتێكدا پێش كودەتاكە پێشبینی دەكرا كورتهێنانی ئەمساڵی بودجەی توركیا تەنها 3% بێت.
سەبارەت بە بەهای لیرەی توركیش، هەر لە ساتی رودانی كودەتاكەوە، بەهای دراوی ئەو وڵاتە بەرێژەی
 5% بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی بەهاكەی لەدەستدا، بەجۆرێك لەماوەی (8) ساڵی رابردودا لیرەی توركی دابەزینی لەوجۆرەی بەخۆوە نەبینیوە.