تۆیۆتا راهێنان و ده‌رفه‌تی كار بۆ ئاواره‌كانی عیراق ده‌ڕه‌خسێنێت

 
ئه‌مڕۆ 17/7/2016 به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (UNDP) له‌ شاری هه‌ولێر رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای تۆیۆتا له‌عیراق ئیمزاكرد بۆ راهێنان و خستنه‌سه‌ركاری سه‌دان كه‌س له‌و هاووڵاتیانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ ئاواره‌بوون.
به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ كۆمپانیای تۆیۆتا له‌ عیراق راهێنانی پیشه‌یی به‌ سه‌دان ئاواره‌ ده‌كات له‌ بواری چاككرنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل و به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش كارئاسانی بۆ دامه‌زراندنیان له‌ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان ده‌كات له‌ دوای ته‌واوكردنی راهێنانه‌كه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ لیز گراندی نوێنه‌ری (UNDP) و رێكخه‌ری كاروباری مرۆیی له‌ عیراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسی نووسروادا كه‌ كۆپیه‌كی بۆ (PUKmedia) نێردراوه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ملیۆنان هاووڵاتی عیراقی ماڵ و كار و بازرگانیان له‌ده‌ست داوه‌، بۆیه‌ فه‌راهه‌مكردنی ئه‌م راهێنانه‌ ئاست به‌رزه‌ و دامه‌زراندنی راهێنراوه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ باشترین رێگاكانی یارمه‌تیدانیان و هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی پێشه‌نگی كه‌رتی تایبه‌تدا خۆی له‌ خۆیدا پێشڕه‌وییه‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌ سه‌ردار حه‌سه‌ن سه‌رۆكی كۆمپانیای تۆیۆتا – عیراق وتی: “خوازیارین هه‌موو راهێنراوه‌كان به‌م نزیكانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و پشتیوانی بنیاتنانه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی كاری ناوخۆیی بكه‌ن له‌ڕێی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی له‌ راهێنانه‌وه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌. خولی ته‌كنیكی ئۆتۆمبێل ده‌ستپێده‌كه‌ین، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین خولی دیكه‌ش زیاد بكه‌ین له‌ ئاینده‌دا و ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ راهێنراوان زامن بكه‌ین”.