شاندێکی بازرگانی هه‌مه‌دان سه‌ردانی شاری سلێمانی ده‌که‌ن

شاندێکی بازرگانی هه‌مه‌دان له‌شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی کۆبونه‌وه‌، تیایدا داواکرا بازرگانان کارگه‌کانیان بێنه‌ کوردستان نه‌ک کاڵاکان بهێنن.
له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و دلاوه‌ر علی سۆفی که‌ریم و ئازاد شمقار ئه‌ندامانی ژووری بازگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌شداربون و تیایدا قسه‌کرا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌کان.
سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆکی ژوری بازرگانی ڕایگه‌یاند” سلێمانی یه‌کێکه‌ له‌وشارانه‌ی کوردستان که‌ په‌یوه‌ندیه‌کی بازرگانی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا بۆیه‌ هه‌میشه‌ کارئه‌که‌ین بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ بازرگانیه‌ لەنێوان هەردولادا”
وتیشی” پێویسته‌ بازرگانان و کۆمپانیاکانی ئێران چیتر کاری هه‌نارده‌کاری نه‌که‌ن به‌ڵکو گرنگی به‌وەبده‌ن که‌ کارگه‌کانیان بهێننه‌ کوردستان وه‌ له‌شاری سلێمانی ناوچه‌ی پیشه‌سازیمان هه‌یه‌و له‌دروستکردندایه‌ بۆ کارگه‌کانی ئێران بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت کارگه‌کانی ئێران بێنه‌ کوردستان”
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا” له‌ئێستادا حکومه‌تی عێراق کرێی گومرگی له‌سه‌ر هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی ماده‌کان زۆرکردووه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ کارگه‌کان به‌زوی بهێننه‌ سلێمانی و ئێمەش هه‌مو کار ئاسانیه‌کیان بۆده‌کەیت”
سه‌رۆکی ژووری بازرگانی داواشی لێکردن له‌مانگی ١١ به‌شداری بکه‌ن له‌و پێشانگا نێوده‌وڵه‌تیه‌ی له‌شاری سلێمانی ده‌کرێته‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌کانیان نمایشبکه‌ن.
لای خۆشیانه‌وه‌ سه‌ید نادی سه‌رۆکی هاوکاری په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌مه‌دان بۆ پیشه‌سازی له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا ڕایگه‌یاند” ئێمه‌ ئاماده‌ین هه‌مو هاوکاریه‌ک بکه‌ین له‌گه‌ڵ شاری سلێمانی بۆئه‌وه‌ی بتوانین کاری زیاتر بکه‌ین له‌گه‌ڵ بازرگانانی شاری سلێمانیدا”
شاندی بازرگانی هه‌مه‌دان داواشیانکرد هاوکاری له‌نێوان هه‌ردولادا دروست بکرێت تا بتواندرێت به‌ره‌و پێشچونه‌کانی کاری بازرگانی به‌ره‌و هه‌ڵکشان به‌رین.