عێراق یەکەم قۆناغی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەردەگرێت

 
عێراق یەکەم قۆناغی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەردەگرێت کە بڕەکەی زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارەو دامەزراوەی دڵنیایی مۆدیز جەخت دەکاتەوە لەسەر کاریگەری ئەرێنی ئەو قەرزە بۆ کۆتایی ھێنان بەگرفتە ئابورییەکانی عێراق. 
“موزھیر محەمەد ساڵح” راوێژکاری دارایی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وەکو قۆناغی یەکەم، عێراق بڕی ٦٣٤ ملیۆن دۆلاری لە سندوقی دراوی نیۆدەوڵەتی وەرگرتووەو ئەو بڕە پارەیەش لە چوارچێوەی کۆی پارەی ئەو قەرزە دێت کە دەگاتە ٥ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دۆلارو بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی گشتی خەرج دەکرێت بەتایبەت بۆ ئاوارەکان و کەرتی خوێندن و تەندورستی.
 لەلایەکی ترەوە دامەزراوەی دڵنیایی مۆدیزی نێودەوڵەتی ئەوەی ئاشکراکردبوو کە رێککەوتنی نێوان عێراق و سندوقی دراوی نیۆدەوڵەتی کاریگەری ئەرێنی دەبێت لە سەر کۆتایی ھێنان بەگرفتەکانی بودجەو پڕکردنەوەی کورتھێنان، ھەروەھا رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق ١٥ ملیار دۆلار قەرزو یارمەتی دارایی لە ماوەی ٣ ساڵی داھاتوودا وەربگرێت.