ڕێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی سەوزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە وتارێكدا كه بڵاو بووەتەوە بەناونیشانی نامەیەكی كراوە بۆ ڕای گشتی و هاوڕێیانم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، یا دەسەڵات یا سڕكردن! بەوردی قسە لەسەر دوو ساڵی ڕابردووی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات و ڕەخنەی توند دەگرێت لەوەی وەك پێویست گرنگی بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەداراوە بۆ ئەوەش كۆمەڵێك نمونە دەهێنێتەوە.
دهقی نامهكه…
نامەیەكی كراوە بۆ ڕای گشتی و هاوڕێیانم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
یا دەسەڵات یا سڕكردن!
لە نیسانی ساڵی 2014 بە ئومێدێكی زۆرەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانمان كرد، كۆتایی مانگی ئایار ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕاگەیاندرا، لە كۆتاییەكانی حوزەیراندا بەندەو 31 بەڕێزیتر وەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سوێندی یاساییمان خوارد، واتە تائەمڕۆ 2 ساڵ و 3 هەفتە تێپەڕیوەو بڕیارە تائێستا نیوەی خولەكەمان تەواوكردبێت ئەگەر لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت!
ئێستاو دوای 2 ساڵ گەشتومەتە ئەو بڕوایەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەم جۆرەی ئێستای و بەم دەسەڵاتەی ئێستای هیچ ئیزافەیەكی گەورەی بۆ دۆخی حوكمڕانی نەكردووە، تایبەتتر بڵێم لە هەیكەلی ئیداری پارێزگای سلێمانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لێدەربێنە هیچ ناگۆڕێت و هیچ ناڕوخێت، دیسانەوە بیخەرەوە جێگەی خۆی هیچ زیادناكات! ئەگەر چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بیانووە ئەوا خۆ پەرلەمانی كوردستان و دەستەكانی چاودێری دارایی و نەزاهە كاری چاودێری دەكەن، لەڕاستیدا ئێمەو مانان و دەتوانم بڵێم زۆربەی هاوڕێكانم لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تموحی گەورەترمان هەیە، كاتی ئەوە هاتووە هەموومان بەم بچوككردنەوەو لەقاڵبدانە قایل نەبین، كاتی دەنگ هەڵبڕینە، داواكردن و پیادەكردنی دەسەڵات یا سڕكردن، ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی تەواوی كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی نەبێت وەك لە ماددەی چوارەمی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان هاتووە ئەوا مانەوەی زیادەیەو سڕكردنی باشترە! بەڵێ دەڵێم سڕكردن چونكە سڕبون لە وجودێكی لاواز و ڕۆڵێكی لاوەكی بەهێزترە، كاممان بۆ ئەوە هاتین تەنیا ڕۆژەكان بەڕێبكەین و بێدەسەڵاتبین؟ بەڵێ دەڵێم بێدەسەڵات مەگەر:
1/ بۆ چی دەبێت بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت لەو جوگرافیایەی پێیدەورێت زۆنی سەوز لەڕۆژێكدا تەنها 83 هەزار بەرمیل بێت بەڵام لەو جوگرافیایەی پێدەوترێت زۆنی زەرد بەرهەمی ڕۆژانە خۆی بدات لە 200 هەزار بەرمیل (جگە لە كەركوك)! ئێمە بۆ ڕاستكردنەوەی ئەمە چیمانكردووە؟ پەرەپێدانی كێڵلگەكان لەلایەك و پشتگوێخستنیان لەلایەكی تر بۆ قبوڵبكەین؟ ئایا وەڵامەكە ئەوەیە كە سیاسەتی نەوت لەدەست وەزارەتدایە؟ كەواتە بۆ هەڵبژاردنمان كردو حكومەتی خۆجییمان دروستكردو باسی لامەركەزی دەكەین؟ بۆ ڕێگەدەدەین لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی ماڵەكەی خۆمان غەریبەبین؟
2/ ڕاكێشانی بۆری نەوتی هەرێم بۆ ئێران لەكاتێكدا كەتاران قایلە، بەغدا قایلە، سلێمانی قایلە، بۆ جێبەجێنابێت؟ كە كۆی تێچوەكەی لەسەر حكومەتی هەرێمیش نییە! ساڵانێكە حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی دروست كردووەو لەهاتوچۆدان تومەس تەنیا بۆ موماتەلەو كات كوشتنە ئەگەر نا حكومەتی هەرێم لەبری بۆریەكی نەوتی دەبێتە خاوەنی 2 بۆری، لەبری دەرگایەك بەڕوی بازاڕی جیهانیدا دەبێت 2 دەرگا، لەبری سەبەتەیەك بۆ هێلكەكانمان دەبێتە 2 سەبەتە، كەواتە مەعقولە تەنیا حكومەتی هەرێم بەكردەوە قایل نییە؟ لەبەرئەوەی ئەم سنورە دەبێتە خاوەنی دەرچەو كۆڵەكەیەكی ئابووری و دەرگای بەڕودا دەكرێتەوە؟ ئێمە ئەمەمان بۆ قبوڵكردەوەو دەیكەین؟
3/ مەگەر ئێمە پەرلەمانی سلێمانی نین؟ مەگەر پارێزگار 2 جار هەڵبژێردراو نییە جارێك لەلایەن خەڵك و جارێكیش ئەنجومەن؟ كەواتە بۆچی داهاتی پارێزگاكەمان لەلایەن بەڕێوەبەرێكی گشتی كە بەوەكالەت جێگری وەزیرە مامەڵەی پێوەدەكرێت و بانكەكان ئیعاز لەوەوە وەردەگرن؟ ئەی ئێمە چیمان كرد؟ مانگانە 20 تا 30 ملیار داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی كۆدەكرێتەوە كەچی ئاوی پایتەختی ڕۆشنبیری لەسەر 2 ملیار پەكیدەكەوێت؟ بۆ نەمانتوانی هیچ بكەین جگە لە نوسراو!!
4/ ڕەوایە نەسریەی مانگانەی شارەوانی چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدو ئەنفال تەنها 6 (شەش) ملیۆن دینارە ناحیەی شۆڕشی سوتماك 2 (دوو) ملیۆن دینارە، بەڵام شارەوانی ئاكرێ 60 (شەست) ملیۆن دینارە لەمانگێكدا ، شارەوانی زاخۆ بە 2 مانگ جارێك 500 (پێنج سەد ) ملیۆن دینار نەسریەكەیانە!؟ كامیان وێرانترو خوێناویترن؟ ئێمە چیمانكردو چیمان پێدەكرێت بۆ ڕاستكردنەوەی ئەمە؟ ئەمە بۆ قبوڵدەكەین؟
5/ كۆی پرۆسەی نەوتی و گازی و كانزایی پارێزگاكەمان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە ئیدارە دەدرێت و ئێمە تەنیا دەیبینین و دەیبیستین، چیمانكرد بۆ ڕێگرتن لەمە؟ كانزاكانی پێنجوێن، بلۆكە نەوتیەكانی گەرمیان و قەرەداغ و هەڵەبجە ، گازە سروشتیەكەی چەمچەماڵ حاڵیان چییە؟
6/ بڕیارە نەبوو لەسەر دیارنەمانی شیرینیە 30 ملیۆن دۆلارییەكەی گازپرۆم قسەی جدیمان هەبێت دوای 15 ڕۆژ؟ دوای ئەوەی كە وەڵام نەدراینەوە چیمانكردووە تا ئێستا؟
7/ ئەنجومەنی پارێزگایەكی 2 ملیۆن و 500 هەزار كەسی بە نەسریەیەكی مانگانەی 3 ملیۆن دیناریەوە چی پێدەكرێت؟ بۆچی باشە بۆ سڕكردن نەبێت!
8/ ئەنجومەنێك تائێستا خاوەنی پەیكەری ڕێكخستنی خۆی و یەكەی ژمێریاری خۆی و ئۆتۆمبێلی خۆی نەبێت، چۆن دەتوانێت خاوەنداری گەورەترین و زیندوترین پارێزگای باشوری كوردستان بكات؟
9/ نوێنەری ئەنجومەنمان بۆ پەیداكردنی بڕێك هاوكاری لە یەكێتی ئەوروپا دیارینەكرد و ڕەتكرایەوە؟ ئەی ئێمە چیمان كرد؟
10/ زیادكردنی غەراماتی مروریمان ڕەتنەكردەوەو وتمان با ژمارە كۆنەكان بێت، كەچی بەقسەمان نەكرا؟ ئەی ئێمە چیمان كرد؟
11/ سەرۆكی شارەوانیمان لانەبرد كەچی دواتر وەزارەت خۆی لیژنەی لەسەر پێكهێناو كاری بە ئەنجامەكەی ئێمەنەكرد؟ ئەی ئێمە چیمان كرد؟
12/ بەپێی یاساكە ئێمەی ئەنجومەنێكی هەڵبژێردراو 3 ناوی پێشنیازكراو دەنێرین بۆ ئەنجومەنێكی تەعینكراو (وەزیران) ئەوان فەرمان بۆ یەكێكیان دەرەكەن! ئەگەر وەڵامەكە ئەوەیە ئێمە لەپرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییەكەدا یەك ناومان نارد، ئەوا دەڵێم ئەوەیان لە ئیرادەی ئێمەوە نەبوو بەڵكو حزبەكان بون CV یەك كەسیان ناردبوو!!
13/ بەڕێوەبەری گشتی دادەنێیت كەچی ناتوانی بەڕێوەبەر دابنێت، چونكە دەسەڵاتی جەنابی وەزیرە!
ئایا بیانوەكە بۆ ڕێگرتن لە بەردەوامبونی ئەمانە چییە؟ كارانەبونی پەرلەمانی كوردستانە تا یاساكەمان بۆهەموار بكاتەوە؟ ئەی كاتێك حكومەتی هەرێم دەستكاری موچەی كرد پێویستی بە پەرلەمان نەبوو؟ كاتێك وەزارەتی ناوخۆ دەستكاری بڕی سزاو ڕەسمەكانی هاتوچۆی كرد پێویستی بە پەرلەمان نەبوو؟ ئەی ئەمانە بۆ كران؟
بەكورتی دەمەوێت بڵێم ئەنجومەنەكان یان دەبێت دەسەڵاتیان بدرێتێ یان دەبێت سڕبكرێن ، هیوادارم ئەم نامە كراوەیە كەتەنها ڕای تایبەتی خۆمە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆیەكی جدی و بەرزبونەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن و دڵسۆزانی بەدوادابێت، تاوەكو چیتر لەگەڵ ئازاری ویژدانمان نەژین.
ڕێكەوت زەكی
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی