دوای ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی فیدڕاڵی سەبارەت بە داخستنی كێڵگەكانی پەلەوەڕ بۆ ماوەی سێ مانگ بە گومانی بوونی ئەنفلەوەنزای باڵندە رەتكردەوە.
رۆژی 11ی ئەم مانگە نوێنەری وەزارەت لە لیژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندەی عێراق پزیشكی شارەزای ڤێتێرنەری جەمال شوكری سەردانی بەغدای كردو لە كۆبوونەوەیەكی دەوریی فراوانی لیژنەكە ئامادەبوو، كە لە ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی خاتوو عەدیلە حمود ئەلعبودی وەزیری تەندروستیی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ئامادەبوونی فورات ئەلتمیمی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوو زۆنگاوەكان لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە میكانیزمەكانی دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە كرا كە بەم دواییە لە هەندێ كێڵگەی پەلەوەڕ لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڵاوبۆتەوە، دوای گفتوگۆی تێرو تەسەل لیژنەكە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵە كردەوە:
1- هەڵوەشاندنەوەی نووسراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی بەغدا تایبەت بە داخستنی كێڵگەكانی پەلەوەڕ بۆ ماوەی سێ مانگ بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هاوكات كاركردنی بەردەوام بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە لە هەر شوێنێك دەربكەوێت بە پێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستیی ئاژەڵی OIE,بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان و یەكە ئیدارییەكان.
2- كردنەوەی وۆرك شۆپ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی عێراق بە پشت بەستن بە شارەزایانی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا.
3- ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ سەندیكای پزیشكانی ڤێتێرنەریی عێراقی بەمەبەستی هاوكاریكردن لە بواری كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە و رێگەنەدان بە بڵاوبوونەوەی لە ناوچەكانی دیكە.
4- تەرخانكردنی بوودجەیەكی تایبەت بۆ تیمەكانی كاركردن لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئەو تیمانەو بەدواداچوونی نەخۆشییەكە.