دواکەوتنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان بۆتەهۆی گرانبوونی مادەخۆراکیەکان لەبازاڕدا

 
دواکەوتن لە دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتەسەر نرخی مادە خۆراکیەکان لە بازاڕدا، وەک فرۆشیارانی مادە خۆراکیەکان دەڵێن لەگەڵ ئەوەی قەیرانی داراییەو بەشەخۆراکیش لە ئێستادا وەک پێویست بە هاوڵاتیان نادرێت کاریگەری خراپی کردۆتە سەر بازاڕ و بۆتە هۆی گرانبوونی مادە خۆراکیەکان.
فرۆشیارێکیش کە دوکانی وشکەی هەیە لەخوار مزگەتی گەورەوە لەم بارەیەوە دەڵێت: لەچاو جاراندا خەڵک زۆر کەمتر شت دەکڕیت بەهۆی بی موچەی‌و قەیرانی داراییەوە بازاڕمان وەک جاران نەماوە، وتیشی ” ئێستا  خەڵک بەداوای شتی هەرزاندا دەگەرێت و دەیەوێت پێداویستیەکانی بەکەمترین نرخ بکڕی جونکە بایعی نیە و نرخیش بەرزبۆتەوە خەڵک شتی بۆ ناکڕێت.
حاجی محەمەدیش کە فرۆشیاری مادە خۆراکیەکانە  وتی: لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم بایعی نادات بەشێک لە مادە خۆراکیەکان لە بازاڕدا گران بووە و بازاڕێشمان کەمی کردوە و ناتوانین وەک جاران ئەو ڕزقەی دامانناوە  لەبازاردا بیفرۆشین وتیشی جاران باش بوو حکومەت چەند مادەیەکی وەک شەکر و زەیتی ئەدا بە خەڵک بەڵام ئێستا کە بایعی نیە خەڵک ناچارە هەموو پێداویستیەکانی لەبازاڕ بکڕێت. 
بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراکیش لەبەر دابین نەکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لەلایەن حکومەت و سەردانی کردنی هاوڵاتیان بۆ لای بریکارەکانیان‌و گەرانەوەیان بەدەستی خاڵی  ڕوبەڕووی گلەی‌و گازندەیەکی زۆری هاوڵاتیان بونەتەوە.
بریکارێکی خۆراکیش لەم بارەیەوە دەڵێت: ”رۆژ نیە خەڵک سەردانمان نەکات هەواڵی بەشەخۆراکەکەی نەپرسێت، خەڵک بێ دەرامەتە روعبە موچەیەک وەردەگرێت کڕینی زەخیرەش بووە بە باریکی قورس بەسەر شانی خەڵکەوە زۆر تەئسیری لە خەڵک کردوە ، خەڵک هیلاکی‌و پەرهێشانی پێوەدیارە ئێمە خۆمان زۆر بێ تاقەت ئەبین کاتێک کەسێک دێت و دەیەوێت شت وەربگرێت ئێمەش هیچ نیە بیدەینێ”.
لەبارەی گلەی‌و گازندەکانی هاوڵاتیان‌و دواکەوتنی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیانەوە شەوکەت محەمەد رایگەیاند: ”گرێبەستەکان لەلایان وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە جێبەجێدەکرێت لە ئێستادا عێراقیش لە کۆمەڵێک کێشەی ئابووری‌و ئیداری‌و ئەمنیدایە بۆەیە  گرێبەستەکان لەلایەن ئەوانەوە تەخیر بووە کە ئەمەش دواکەوتنی خۆراکی لەشاری سلێمانی‌و شارەکانی تری عێراق و کوردستاندا دروستکردوە، بەڵام خۆش بەختانە مادەیەکی زۆرمان بەدەست گەیشتوە و گرێبەستەکان چۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو ئیمەش توانیومانە ئەو خۆراکانەی دەگاتە دەستمان دابەشی بکەین بەسەر بریکارەکانی خۆراکدا تا لەو ریگایەوە بگاتە دەستی هاوڵاتیان”.
گرفتی دارایی و نەبوونی پارەی پێویست لەگیرفانی هاوڵاتیان وای کردوە هاوڵاتیانی ئاسایی بەجیاواز لە ساڵانی ڕابردوو هەمیشە چاویان لە گەیشتنی ئەو بەشەخۆراکە بێت کە مانگانە لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە وەریاندەگرت.