كۆنفرانسێکی بازرگانی کورد ئه‌نجام ده‌درێت

به‌مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی کاری بازرگانانی له‌نێوان سه‌رجه‌م بازرگانانی کوردا له‌ هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان کاربۆ ئه‌نجامدانی کۆنفرانسێکی ئابوری ده‌درێت.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆکی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی ڕایگه‌یاند” کۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی یه‌کێتی کارکه‌رانی کورد له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجامدا به‌مه‌به‌ستی دیاری کردنی کاتی کۆنفرانسی ئابوری کورد که‌ هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان تیایدا به‌شدارده‌بن”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا” ژوری بازرگانی چه‌ند مامۆستایه‌کی زانکۆ و په‌رله‌مانتارانی کوردستان و خه‌ڵکانی شاره‌زای ڕاسپاردوه‌ که‌ پێشنیار و ڕای خۆیان بده‌نه‌ ژووری بازرگانی له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌چونی کۆنفرانسه‌که‌ که‌تیایدا هه‌وڵ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی کاری بازرگانی له‌نێوان هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان ده‌درێت”
 
لەکۆبونەوەکەدا هەریەک لە سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور جێگری دووەمی سەرۆک و هەریەک لە ئاراس عەبدولکەریم مەعروف و دلاوەر علی سۆفی کەریم ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وە د.خالید حەیدەر و د.نەرمین مەعروف مامۆستای زانکۆ و شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان تیایدا بەشداربون و ڕاو سەرنج و گفتوگۆ ئەنجامدرا لەبارەی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەوە.

بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتودا نوێنه‌رانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان له‌شاری سلێمانی کۆبونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بده‌ن و میکانیزمی به‌ڕێوه‌چونی کۆنفرانسی ئابوری کورد دیاری بکرێت.

(سه‌یدی دۆگان) به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتی کارکه‌رانی ئه‌وروپی  ڕایگه‌یاند” ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین بوژاندنه‌وه‌ی کوردستان بکه‌ینه‌ بنه‌مای سه‌ره‌کی کارکردنمان بۆ به‌هێزکرنی کاری بازرگانی له‌ناو هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان تابتواندرێت کاری بازرگانانی کورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌هێز بکرێت”

كۆنفرانسه‌که‌ بڕیاره‌ له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ بچێت تیایدا ته‌واوی بازرگانانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان و وڵاتانی ئه‌ورپا تیایدا به‌شداربن.