داوا دەكرێت ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە و هەورامان بدرێنە دەست كەرتی تایبەت

 
بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لەبەرامبەر بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاریدا داوا دەکات ناوچە گەشتیاریەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بدرێن بە کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لەلایەک گەشتیاری زیاتر سەردانی ناوچەکە بکات و لەلایەکی دیکەشەوە خزمەتگوزاری ناوچە گەشتیاریەکان زیاتر بکرێن.
لێپرسراوی بەشی راگەیەندنی بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت: ”لەماوەی ڕابردوودا پێدانی قەرزی گەشتیاری هەبوو کەخۆش بەختانە دوای ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک هاوڵاتی هاتن و دواکاریان پێشکەش کرد و ئێمەش هەموو کارە یاسایی‌و ئیداریەکانمان بۆ تەواوکردن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش بتوانن سود لەو قەرزە گەشتیارەیە وەربگرن بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەویش ڕاگیراوە”، وتیشی ئێمە کۆمەڵێک ناوچەی گەشتیاریمان هەیە کە ڕایدەگەیەنین دەرگامان کراوەیە بۆ هەر کەسێک چونکە پێمانوایە پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری بە کەرتی تایبەت دەکرێت پێموانیە حکومەت بەشێوەیەکی زۆرباش لە بواری گەشتیاریدا برەوە بە ئیشەکانی بدات.
بەرێوبەری ناحیەی خورماڵیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێشنیازیان بۆ لایەنەی پەیوەندیدار کردوە ناوچە گەشتیاریەکان وەک تاقیکردنەوەیەک بدرێنە کەرتی تایبەت لەم کاتەدا کە بێ موچەییەو ناتوانرێت خزمەتی ناوچە گەشتیاریەکان بکرێت.
بەرێوبەری ناحیەی خورماڵ دەڵێت:” پێویستە کەرتی تایبەت هەڵسێت بە بەرێوەبردنی ناوچە گەشتیاریەکان بەتایبەتی هاوینە هەواری ئەحمەد ئاوا لەم کاتەدا کە کاتی قەیرانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەنگە نەتوانێت کار و پرۆژە لە ناوچە گەشتیاریەکان ئەنجام بدات”، لە زۆربەی شوێن و ناوچەکانی تردا ئەوشوێنانەی کە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگن لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەبرێن بەرێوە.
لەسنوری پارێزگای هەڵەبجەدا ٣٦ ناوچەی گەشتیاری بوونیان هەیە و زۆربەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواوکردنی پرۆژەکان تیایاندا وەستاوە و بەرپرسانی ناوچەکەش داوادەکەن بدرینە کەرتی تایبەت.