ئێران ئامادەیە لەهەرێم سەرمایەگوزاری بكات

وەفدێكی باڵای ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عیراق، بەسەرۆكایەتی یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری بازرگانی و وەزیری پێشوی بازرگانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد لەتاران.
وەفدەكە لەلایەن نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران پێشوازییان لێكراو سەرەتا ئال ئیسحاق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وەك وەفدی هاوبەشی بازرگانی ئێران و عیراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ گەشەپێدانی هاوكارییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەبواری بازرگانی و سەرمایەگوزاریدا.
ناوبراو راشیگەیاند: دەبێت بەدڵنیاییەوە هەموو لایەكمان بەرز بڕوانینە ئەم پەیوەندییەی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان و نابێت رووداوە نەخوازراوەكان كار بكەنەسەر پەیوەندییەكان و بەهەموو لایەكمان بەڕێگای گفتوگۆو ئاشتی چارەسەری ئەو كێشە نەخوازراوانە بكەین بۆ بەدیهێنانی زەمینەیەكی پڕ لەئاسایش و هێمنی بۆ بازرگانان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها بۆ هاووڵاتیانی هەردوولا.
لای خۆشیەوەنوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایدا كە هەمیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاڵپشتی و هاوكاری بووە بۆ گەشەپێدانی بواری ئابووری و بازرگانی و سەرمایەگوزاری و گرنگی بەپاراستنی ئارامی و هێمنی دەدات.