سلێمانی‌؛ هاوڵاتییه‌ك به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دروستكراوی‌ داراییه‌وه‌ هه‌ر 4 كارگه‌كه‌ی‌ داده‌خات

 
هاوڵاتییه‌ك به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ هه‌ر چوار كارگه‌كه‌ی‌ داده‌خات و به‌وهۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 40 كه‌س بێكار ده‌بن, ده‌شڵێت ده‌سه‌ڵات به‌دروستكردنی‌ قه‌یران شكستی‌ به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت هێناوه‌,  به‌پێی‌ ئاماره‌كانیش له‌ 80 % كارگه‌ بچوك و مامناوه‌نده‌كان له‌كاركه‌ووتون و نزیكه‌ی‌ 700 هه‌زار كه‌سیش له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌.
به‌زه‌بری‌ چه‌ك په‌رله‌مانتان داخست به‌دروستكردنی‌ قه‌یرانی‌ ئابوریش ئێمه‌تان ناچار كرد كه‌ خۆمان كارگه‌كانمان دابخه‌ین, ئه‌مه‌ نوسراوی‌ سه‌ر ئه‌و لافیته‌یه‌یه‌ كه‌ عه‌باس محه‌مه‌د ئاڕاسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كردووه‌, ئه‌و دوای‌ 12 ساڵ كاركردن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و دامه‌زراندنی‌ 4 كارگه‌ی‌ شیرینی‌ و به‌رهه‌مه‌كانی‌ هه‌ویر و ده‌سته‌به‌ركردنی‌ ده‌رفه‌تی‌ كار بۆ نزیكه‌ی‌ 40 كه‌س, به‌ڵام نه‌یتوانی‌ به‌رگه‌ی‌ زیاتر قه‌یرانی‌ دارایی‌ بگرێت و دوای‌ فرۆشتنی‌ ئوتومبێله‌كه‌ی‌ ناچاربوو هه‌ر چوار كارگه‌كه‌ی‌ دابخات.
داخستنی‌ 4 كارگه‌ له‌یه‌ك ڕۆژدا به‌رپرسان ڕاناچڵه‌كێنێت, چونكه‌ به‌درێژایی‌ 3 ساڵی‌ قه‌یرانی‌ دروستكراوی‌  دارایی‌ چه‌ندین كارگه‌ له‌كاركه‌وتون و كارمه‌نده‌كانیان ڕٍه‌وانه‌ی‌ ماڵه‌وه‌ كراونه‌ته‌وه‌, به‌رپرسانی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ ده‌ڵێن كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ به‌هۆی‌ قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ پشكی‌ شێری‌ به‌ركه‌وتووه‌و زۆربه‌ی‌ كارگه‌ مامناوه‌ندو بچوكه‌كان له‌كار وه‌ستاون و ئه‌وه‌ش هه‌زاران كه‌سی‌ بێكار كردووه‌.
خاوه‌ن كارگه‌كان ده‌ڵێن به‌دروستكرنی‌ قه‌یران ده‌سه‌ڵات شكستی‌ به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت هێنا, ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن له‌ سایه‌ی‌ ئه‌ندازیاری‌ ئاوه‌دانیدا سه‌دان كارگه‌ داخران و هه‌زاران كه‌سیش بێكار كران, به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ له‌ماوه‌ی‌ ڕابردودا 3 هه‌زارو 985 پرۆژه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ گه‌وره‌و بچوك و پیشه‌یی‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌, له‌ماوه‌ی‌ 3 ساڵی‌ ڕابردوشدا نزیكه‌ی‌ له‌ 80 % ئه‌و كارگانه‌ له‌كاركه‌ووتون و نزیكه‌ی‌ 700 كه‌سیش له‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت كاره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌.
سەرچاوە:knn