پاره‌ی حه‌جی ئه‌مساڵ دیاریكرا

 
بڕی پاره‌ی وه‌رگیراو له‌مساڵدا له‌و هاوڵاتیانه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ به‌نیازی سه‌فه‌ری حه‌جن‌و به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاردراوه‌  (400) هه‌زار دینار كه‌متر له‌حاجیانی عێراق، له‌حاجییه‌كانی هه‌رێم وه‌ربگیرێت.
(مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی) به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندیه‌كان‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئایینی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق به‌نوسراوێكی فه‌رمی كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كردوه‌ بڕیاریداوه‌، بڕی چوار ملیۆن‌و (600) هه‌زار دینار له‌هه‌ر حاجیه‌كی ئه‌مساڵ وه‌ربگیرێت.
وتیشی:”ئه‌و بڕیاره‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بڕی چوار ملیۆن‌و (200) هه‌زار دیناری له‌حاجیان وه‌رگرتووه‌”.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی له‌و په‌یامه‌یدا كه‌ له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌ نوسیویه‌تی:”بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و حاجیانه‌ی ناویان بۆ سه‌فه‌ری حه‌جی ئه‌مساڵ ده‌رچوه‌و ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی دارایی ئه‌مڕۆی هه‌رێم، (د. پشتیوان سادق) وه‌زیری ئه‌وقاف به‌وه‌كاله‌ت فه‌رمانیداوه‌، ئه‌و (400) هه‌زار دیناره‌ی زیادكراوه‌ له‌حاجیانی هه‌رێم وه‌رنه‌گیرێت‌و هه‌ر هه‌مان ئه‌و پاره‌یه‌ بێت كه‌ پێشتر لێیان وه‌رگیراوه‌، كه‌ چوار ملیۆن‌و (200) هه‌زار دیناره‌”.