به‌ هۆی سزاكانه‌وه‌ سریلانكا له‌ جیاتی ئێران نه‌وت له‌ عێراق ده‌كڕێت

به‌ هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه‌ ، سریلانكا له‌ جیاتی ئێران نه‌وت له‌ عێراق ده‌كڕێت.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا خولێكی نوێی سزاكانی به‌سه‌ر حكومه‌تی تاراندا سه‌پاند حكومه‌تی سریلانكا رایگه‌یاند له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ له‌مه‌به‌دوا له‌ جیاتی ئێران نه‌وت له‌ عێراق بكڕێت.
كاروناتیاكا ئامونوگاما، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سریلانكا له‌و باره‌وه‌ رایگه‌یاند: نه‌وتی باكوری عێراق هاوشێوه‌ی نه‌وتی ئێرانه‌ و ده‌توانرێت له‌ پاڵاوگه‌كانی وڵاته‌كه‌یدا كه‌ڵكی لێوه‌ربگیرێت.
وتیشی به‌ مه‌به‌ستی كڕینی نه‌وت له‌ عێراق له‌ ئێستادا حكومه‌تی سریلانكا سه‌رقاڵی تاوتوێ كردنی ورده‌كاریه‌كانه‌.
شایانی باسه‌ سریلانكا 92% ی پێداویستی نه‌وت و سوته‌مه‌نی خۆی له‌ ئێرانه‌وه‌ دابین ده‌كات.
له‌ ئێستادا به‌ هۆی چه‌ندین سزای نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر حكومه‌تی ئێران ئه‌و وڵاته‌ به‌شێكی زۆری كڕیارانی نه‌وتی خۆی له‌ده‌ستداوه‌ و روبه‌ڕووی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی دارایی بووه‌ته‌وه‌.
هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و سزایانه‌وه‌ ئێران پله‌ی دووه‌می له‌ ناو رێكخراوی وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت له‌ده‌ستداوه‌ و عێراق شوێنه‌كه‌ی گرتوه‌ته‌وه‌.