لەئێستادا خواست لەسەر نەوتی سعودیە‌و عیراق زیاترە لەو بەرهەمەی دەیخەنە بازاڕەوە

فاتح بیرۆڵ سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دەڵێت: ئابووری جیهان پشت بە نەوتی وڵاتانی عەرەبی‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت‌و لەئێستادا خواست لەسەر نەوتی سعودیە‌و عیراق زیاترە لەو بەرهەمەی دەیخەنە بازاڕەوە.
بیڕۆڵ بە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی راگەیاندوە: هەرچەندە وڵاتانی هەناردەكاری نەوت شكستیان هێنا لە جێگیركردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت‌و بەرزكردنەوەی نرخەكەی، بەڵام ئەمە قەبارەی خواستی لەسەر نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم نەكردەوە.
وتیشی: سعودیە‌و عیراق بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە، خاوەنی گەورەترین پشكن لەبازاڕی نەوتدا‌و خواست لەسەر نەوتی ئەو دوو وڵاتە زیاترە لەو بەرهەمەی دەیخەنە بازاڕەوە، ئەمەش بەهۆی كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەرازیل‌و ئەمریكا‌و كەنەدا دروستبووە.
سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە تەئكیدیشیكردۆتەوە: لەئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرچاوەی یەكەمی دابینكردنی نەوت دادەنرێت بۆ وڵاتانی جیهان‌و لەسەدا 34ی نەوتی جیهان دابین دەكەن، كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 1975وە تۆماركرابێت.