ئەگەرچی دەربەندیخان بەناوچەیەكی گەشتیاری و بوونی كانزاو شوێنەواری مێژوویی بەناوبانگە، هاوكات بەهۆی بوونی دەریاچەی سیروانەوە سامانی ماسیش ناوبانگێكی تری بەم شارە بەخشیووە.
لەگەڵ ئەوەشدا ”نرخی ماسی لەقەزای دەربەندیخان بە بەراورد بە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان گرانترە”، فرۆشیارانی ماسیش هۆکارەکەی بۆ خواستی زۆری هاوڵاتیانو بەهۆی بوونی تام و چێژی تایبەتی ماسیەکان دەگەرێنەوە.
ماسی فرۆشێكیش لەم بارەیەوە دەڵێت: ماسی بەحر ماسیەکی مەڕخوبە خەڵک زیاتر دەیکڕێت، بە تایبەتی ماسی سورە کە کیلۆی ئەدەین بە ١٠ هەزار دینار خۆمان رۆژانە بۆمان دێت کیلۆی بە ٧ بۆ ٨ هەزار دەکڕین ماسی جونوبیشمان هەیە کیلۆی بە ٧ هەزارە، وتیشی: تا ماسی بەحر وەستابێت خەڵک ماسی حەوز ناخوات.
هاوڵاتیەکیش کە سەرقاڵی ماسی کڕین بوو لەم بارەیەوە وتی: ماسی دەریاچەی دەربەندیخان تام و چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە و جیاوازە ماسیەکی دەگمەنە ئەو ماسیەی لە دەربەندیخان هەیە لە هیچ شوێنێکی تر نیە بۆیە ماسیەکی نرخی گرانترە و خەڵک زۆر لێ ئەنەوێت.
ئەم هاوڵاتیە هۆکاری گرانی نرخی ماسی لەم قەزایە بۆ ئەوە گەڕاندەوە ” ئەو ڕاوچیانەی لە دەریاچەی دەربەندیخان ڕاودەکەن تەنها یەکجار ماسی دەگرن زۆر ماندوودەبنو ماسیەکی کەمیش ڕاودەکەن بۆیە ماسیەکەیان گرانە ، هەرواها ”ئەم دەریاچەیە هیچ خزمەتگوزاریەکی نیە و هیچ گەرایەکی تێناکرێت، بەس ماسی لێ دەرئەکرێت”.
ڕاوچیەکانی دەریاچەی دەربەندیخان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بەرهەمی ماسی لە ئەمساڵدا بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمترە، ” هۆکارەکەشی بۆنەبوونی چاودیری پێویست لەکاتی وەرزی قەدەغەکردنی ڕاوی ماسی وزۆربوونی ڕاوچی دەگەرێنەوە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە قەیرانی داراییەو بەشێکی زۆر لەو کەسانەی موچەخۆرن خۆیان بەڕاوی ماسیەوە سەرقاڵکردوە.
ڕاوچیەکیش لەم بارەیەوە دەڵێت: بەرهەمی ماسی ئەم ساڵ لەسەدا ٦٠% کەمیکردوە لەبەر ئەوەی ڕاوچی زۆرە قەیرانی دارییە خەڵکی دەربەندیخان گشتی سەری کردۆتەسەر ئەم بەحرە، فەرمانبەر هەیە دەڵێت:” لێرە ئەگەر ١٠ هەزاریشم دەستکەوێت باشە بەشی مەعیشەتی ماڵم ئەکات”، وتیشی ئەم بەحرە بی خاوەنە ئێمە مۆڵەتمان هەیە بەس کەسانێک لێرە بێ مۆڵەت ڕاو دەکەن، بۆیە دواکارین لەلایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوریک لەم بەحرە بدەنەوە و نەهێڵن کەس بی مۆڵەت ڕاوبکات.
ساڵانی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر پەنجەماسی بۆ دەریاچەی دەربەندیخان دابین دەکرد تا لەو رێگایەوە بەرهەمی ماسی زیاد بکات بەڵام قەیرانی دارای وایکردوە وەزارەتی ناوبراو خۆی لە گرفتی کەمبونەوەی رێژەی ماسی تێنەگەینێت لەکاتێکدا کەتوانی دابینکردنی پەنجەماسی نیە.