ئێران نەیتوانی ئامانجە ئابوورییەکانی بەدی بهێنێت

 
سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی (5+1) هەڵگرتنی سزا دارایی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران بەڵام حکوومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە کە وەبەرهێنەرانی بیانی پەلکێشی وڵاتەکەی بکات و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی چاک بکاتەوە، لە ئێستادا ئاماژە بەوە دەکات بەرەوپێشچوونی لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتدا تۆمار کردووە.
شارەزایان ئاماژەیان بۆ ئەو لێدوان و روونکردنەوانە دا کە بەر لە ماوەیەکی کورت لە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەدرا بەوەی ”ئاستی هەناردەی نەوت و بەرهەمەکانی بەرز دەبێتەوە، وڵاتەکەیان دەبێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو باشی دەچن و بەهێز دەبنەوە” هەروەها ئەو شارەزایانە هەڵسەنگاندیان بۆ دۆخی ئابووری ئێستای ئێران لەدوای هەڵگرتنی سزاکانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ کرد.
ئابووریناسی عێراقی وەداح تەها سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا ئێران تا ئێستا نەیتوانیوە لەسەر ئاستی ئابووری متمانەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت متمانەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بەدەست بهێنێتەوە و رایگەیاند: ”لە ئێستادا ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی کە هەن و ئەو رێککەوتنانەی کە واژۆ کراون، زۆر زیاتر لە ئێران لە بەرژەوەندی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایە”.
تەها باسی لەوە کرد کە پێویستە ژێرخانی ئابووری ئێران دووبارە بنیات بنرێتەوە و دەڵێت: ”حکوومەتی ئێران بەدوای وەبەرهێنەری بیانییدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەی فروان بکات”.
وەداح تەها ئاشکرای کرد ئەو هەڵوێستە دوورەپەرێزانەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران هەیەتی وای کردووە وەبەرهێنەرە بیانییەکان دوودڵ بن لە چوونە نێو بازاڕی ئێرانەوە و هەر لەبەر ئەوەش ئێران ”زۆر پێویستی” بەو وەبەرهێنەرانەیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژە نوێیەکانی و بەرەوپێشبردنی پرۆژەکانی ئێستای.
بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانیی کە سەبارەت بە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراوە رێژەی بێکاریی تا لەسەدا ١٤ و هەڵاوسانی تاوەکو لەسەدا ١٥ بەرز کردووەتەوە.
 
 سه‌رچاوه: AA