“له‌هه‌ر گه‌شتیارێك (18) هاوڵاتی هه‌رێم قازانج ده‌كات”

 
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌موو هه‌وڵێكیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی زۆرترین گه‌شتیار بۆ هه‌رێم ڕابكێشن‌و له‌كاتی هاتنی هه‌ر گه‌شتیارێكیش، (18) هاوڵاتی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ قازانجی دارایی ده‌كه‌ن.
(مه‌وله‌وی جه‌بار) سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، له‌میانه‌ی به‌رنامه‌ی پانۆڕامای ڕووداوه‌كانی هه‌فته‌ی ئاژانسی ناوخۆ ڕایگه‌یاند: هه‌ر گه‌شتیارێك كه‌ ڕوو له‌هه‌رێم ده‌كات، (18) كه‌س له‌هاوڵاتیانی هه‌رێم قازانج ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و گه‌شتیاره‌ جگه‌ له‌پاره‌ی هۆتێل‌و ڕێگه‌وبان كه‌ ده‌یداته‌ هاوڵاتیان، هاوكات له‌بازاڕه‌كانیش كه‌لوپه‌ل‌و پێداویستی‌و خواردن ده‌كڕێت.
وتیشی:”به‌زیادبوونی گه‌شتیاری جگه‌ له‌زیادبوونی داهاتی هه‌رێم، سوڕانه‌وه‌ی دراوو ئاڵوگۆڕی دراو زۆر ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا گرنگی‌و قازانجی تایبه‌تی خۆی بۆ بارودۆخی ئابوری هه‌یه‌”.
(مه‌وله‌وی جه‌بار) ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان (150) كۆمپانیای گه‌شتیاری بانگهێشتی هه‌رێمی كوردستان كراون، بۆئه‌وه‌ی گه‌شتیار له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بهێننه‌ هه‌رێم، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌م خۆیان قازانج بكه‌ن‌و هه‌میش قازانجێك به‌قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێم بگه‌یه‌نن.