زیاتر لە 80 کۆمپانیا گەشتیاریان هێناوەتە کوردستان

دەستەی گشتی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان زیاتر لە ٨٠ کۆمپانیا، بەگرووپ گەشتیاریان هێناوەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ “وشە” وێڕای ئاشکراکردنی ئەو ئامارە روونی کردەوە کە ئامارەکە بەرەوبەرزبوونەوە دەچێت و پێشبینی دەکەن دۆخی ئەمجارەی هۆتێل و میوانخانەکان زۆر باشتر بێت لە جەژنەکانی رابردوو.
ئەو سوپاسی دەزگاکانی ئاسایش و بازگەکانی کرد کە لە هێنانی گەشتیار بە شێوەی گروپ هاوکاری و کارئاسانییان کردووە بۆ کۆمپانیاکان.
بەوتەی رۆستی ٩٥% ی میوانخانەکان گیراون و بەکارکەوتوون و رێژەی هاتنی گەشتیاران لەبەرزبوونەوەدایە و لە رۆژانی داهاتوودا چاوەڕێی هاتنی گەشتیاری زیاتر دەکرێت.
ئەو بێ ئەوەی هیچ ئامارێک بخاتەڕوو لەسەر ژمارەی گەشتیاران باسی لەوە کرد کە دوای جەژن ئامارەکە ئاشکرا دەکەن.