لە سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ، هۆبەكانی (یەكەی پشكنینی خۆراك) و (قەرەنتینەی كشتوكاڵی)، كێشەی كەمی و كۆن و خراپیی ئامێری پشكنینیان هەیە و پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای دەكات، جۆرێك لە زیتی خراپ هەیە و پێویستە هەموو لایەك ئاگاداری بن.
هەر لەم بارەوە بەرپرسێكی سنووری نێودەوڵەتی باشماخیش رایدەگەیەنێت، پێویستی زۆریان بە بەتاقیگەیەك هەیە، چونكە هەندێ بەروبومی كشتوكاڵی زیانیان هەیە و بە ئامێری تایبەت بپشكنین نەبێت، ناتوانن پشكنینی بۆ بكەن.”
لەو بارەیەوە، “عەبدولڕەحمان عەلی”، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان، بە(باسنیوز)ی راگەیاند: “لەم ماوەیەدا سەردانی دەروازەی باشماخم كرد و لەوێدا تاقیگەی پشكنینی خۆراكم بەسەر كردەوە، بینیم لەگەڵ كەمی و كۆنیی ئامێرەكانی پشكنین، رۆژانە چەندین كاڵا و شمەك دەپشكنرێن، تاكوو بزانرێت كە شیاوی بەكارهێنانە یان نا”.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: “بەداخەوە هەندێك بازرگانی نابەرپرس بێ گوێدانە بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان و تەندروستیی هاووڵاتیان چەندین فرت و فێڵ دەكەن كاتێ دەیانەوێت كاڵا و شمەك هاوردە بكەن، چونكە ئەوە جۆرێك لە زەیت كە ویستەویانە هاوردەی بازاڕەكانی هەرێمی بكەن، بەڵام لەو تاقیگەیە رێگری لێ كراوە نەتوانراوە بهێنرێتە هەرێم، لەبەرئەوەی ئەو زەیتە بەسەر نەچووە و هێشتاش بەكار نەهاتووە، بەڵام ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕی ئەوەیە ئەم جۆرە زەیتە بەپێی ئەو بەروارەی لەسەریەتی هێشتا لە كارگە دەرنەچووە، كەچی ویستراوە بهێنرێتە هەرێم”.
هاوکات “د.بەهێز عەبدوللەتیف”، لێپرسراوی هۆبەی كشتوكاڵی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ، بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوە كرد: وەك هۆبەكەمان كە یەكێك لە گرنگترین هۆبەكانی ناو سنووری نێودەوڵەتیی باشماخە و پەیوەندی راستەوخۆی بە تەندروستیی هاووڵاتیانەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە تاكوو ئێستا كێشەی نەبوونی تاقیگەیەكی پێویست بە پشكنینی بەروبومی جیاوازی كشتوكاڵیمان هەیە.
روونیشی كردەوە،”ئێستا تەنیا پێویستمان بە تاقیگەیەكە كە چەند ئامێرێك لەخۆ بگرێت و داواشمان كردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەڵاممان نەدراوەتەوە، هەروەها ئەو تاقیگەیەش لە كانی دابینكردنیدا بۆمان پێویستە كە كارەبای بەردەوامی هەبێت”.