“ناكۆكییەکانی هه‌ولێر و به‌غدا نرخی به‌نزینی گران كردووە”

ئه‌ندامێکی لێژنه‌ی وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هۆکاری گران بوونی نرخی بەنزین بۆ ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا دەگەڕێنێتەوە.
ناسك تۆفیق، ئه‌ندامی لێژنه‌ی وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ (رووداو)ی راگه‌یاندوە “ئێمە سەردانی چەند بەنزینخانەیەکمان لە شاری هەولێر کرد و لە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکانمان کۆڵییەوە. هەروەها سەردانی پارێزگاری هەولێرمان کرد و پێمان راگەیەندرا ئەو بەشە بەنزینەی لە بێجییەوە دێت زۆر کەمی کردووە.”
ناسک تۆفیق راشیگەیاند “ئێستا هه‌فتانه‌ پێدانی به‌نزین له‌ به‌نزینخانه‌ حكومییه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر له‌ 80 لیتره‌وه‌ بۆ 30 لیتر كه‌می كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ به‌نزینه‌ی له‌ بێجییه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر دێت.”
ئەو ئه‌ندامەی لێژنه‌ی وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانی پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکە له‌ هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینی بۆ “ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق” گه‌ڕانده‌وە.
ئێستا نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی بێجی له‌ به‌نزینخانه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ هه‌ولێر له‌ 650 دیناره‌وه‌ بۆ 850 دینار به‌رزبووه‌وته‌وه‌ و نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی بێجی له‌ به‌نزینخانه‌ حكومییه‌كان 500 دینارە.