عه‌بدولستار مه‌جید: حکومه‌ت ستراتیژیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ى کارى به‌رامبه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ روون نیه‌

 
عه‌بدولستار مه‌جید، وه‌زیرى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاوى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ حکومه‌ت ستراتیژیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ى کارى به‌رامبه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ روون نیه‌ و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: تۆبارانکردنه‌کان له‌لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه‌ زیانى زۆرى به‌به‌رهه‌مى کشتوکاڵى گه‌یاندووه‌.
 
عه‌بدولستار مه‌جید، وه‌زیرى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاوى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وتى:” پارتى ڕێگره‌ له‌دروستکردنى به‌نداوى بێخمه‌ و ئه‌گه‌ر به‌نداوى بێخمه‌ دروستبکرێت گه‌وره‌ترین به‌نداوه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و له‌وباره‌یه‌وه‌ روونکردنه‌وه‌ ده‌دات.
 
له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى کشانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌حکومه‌ت، تاکه‌ وه‌زیره‌که‌ی کۆمه‌ڵ وتى:” بۆچوون بۆکشانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ هه‌یه‌ له‌حکومه‌ت به‌ڵام نه‌بۆته‌ بڕیار”.
 
ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:
 
سه‌ڕه‌راى قه‌یرانى دارایى له‌باشورى کوردستان بۆچى تائێستا که‌رتى کشتوکاڵ نه‌یتوانیوه‌ هاوکارى حکومه‌تى هه‌رێم بکات بۆ ده‌ربازبوون له‌قه‌یرانه‌که‌ ؟
 
“حکومه‌ت ستراتیژیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ى کارى به‌رامبه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ روون نیه‌”
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- که‌رتى کشتوکاڵ سێکته‌رێکى گرنگه‌ بۆ دابینکردنى ژێرخانى ئابورى و ئاسایشى خۆراک و ئاسایشى ئاو، له‌هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین جار له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران باسمکردووه،‌ که‌ ده‌کرێت ئه‌وکه‌رته‌ بکه‌ینه‌ که‌رتێکى به‌هێز و خۆراکى سه‌ره‌کى بۆ هاوڵاتیان به‌رهه‌م بهێنین و ببین به‌ خود دابینکارى بۆ ئاو و بۆ خۆراک، چونکه‌ له‌و دوو ڕێگه‌وه‌ هه‌میشه‌ ناحه‌زانى کورد وه‌ک چه‌ک به‌کارى ده‌هێنن و بۆ هاوهه‌ڵوێستى، بۆیه‌ زۆر به‌گرنگى ده‌زانم هه‌وڵبده‌ین بۆ دابینکردنى ئاسایشى خۆراک و ئاسایشى ئاو ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ هاوکارى سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێم و خه‌ڵک و میدیاکان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بێت ناگه‌ین به‌ئامانجى ته‌واومان، تائێستا هاوڕابوون و هاوڕێ بوون بۆ ئاسایشى خۆراک و ئاو وه‌ک پێویست نیه‌، له‌کاتێکدا تورکیا و ئێران هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌رێم بکه‌نه‌ بازاڕى ساغکردنه‌وه‌ى کاڵاى خۆیان و هه‌وڵده‌ده‌ن ئاوى هه‌رێمى کوردستان به‌دروستکردنى به‌نداوى زۆر ببڕن، به‌تایه‌تى پرۆژه‌ى گاب له‌تورکیا و چه‌ند به‌نداوێکى تر له‌ئێران که‌ به‌46 کیلۆمه‌تر ڕێڕه‌وى ئاو ده‌گۆڕدرێت.
 
هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ له‌نێو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لاوازه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید،:- له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ لاوازه‌ و حکومه‌ت ستراتیژیه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ى کارى به‌رامبه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ روون نیه‌ و ده‌بوو حکومه‌ت به‌به‌رنامه‌ى چڕوپڕ و به‌رنامه‌ى باش پاڵپشتى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو بوبایه‌، له‌کاتێکدایه‌ میدیا وه‌ک پێویست هاوکار نیه‌ و زۆربه‌ى ڕاگه‌یاندنه‌کان ریکلام بۆ به‌رهه‌مى بێگانه‌ ده‌که‌ن و به‌رهه‌مى ناوخۆى ده‌شکێنن.
 
له‌و سه‌ردانانه‌ت بۆ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ تۆ باسى ئه‌وه‌ت بۆکردوون که‌ به‌رهه‌مى ناوخۆیمان چیه‌، یان ئه‌زمونێکى نوێت هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ که‌رتى کشتوکاڵ؟
عه‌بدولستار مه‌جید،:- بێگومان باسمانکردووه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ چوارچێوه‌یه‌کیان دیاریکردووه‌ چۆن به‌رهه‌مى ناوخۆیان زیادبکه‌ن و چۆن بتوانن بینرێن بۆ ده‌ره‌وه‌، ئێستا ئێمه‌ گه‌نم و په‌تاته ‌و هێلکه‌ و پیاز و گۆشت زیاد له‌پێویستمان هه‌یه‌ و دڵخۆشین پێى گه‌یشتووین، وه‌ شاندێکی گه‌وره‌ى تورکیا هاتنه‌ ئێره‌ و پێیان وتووین ڕێژه‌یه‌کى زۆرى هه‌نارده‌مان بۆ هه‌رێم دابه‌زیووه‌، سیسته‌مى پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ یه‌کێک بووه‌ له‌ئه‌رکه‌کانى ئێمه‌ و جوتیار قازانجى زۆرى کردووه‌، ئێستا ئه‌رکێکى زیاترمان که‌وتۆته‌ سه‌رشان که‌ده‌بێت کڕیار بۆ به‌رهه‌مه‌کانمان بدۆزینه‌وه‌ له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ خه‌مى ئێمه‌ نیه‌، بۆیه‌ که‌رتى کشتوکاڵ پێویستى به‌هاوکارى هه‌موولایه‌ک هه‌یه‌ .
 
وه‌ڵامى دروستکردنى ئه‌و به‌نداوه‌ زۆرانه‌ت له‌ئێران و تورکیا وه‌رگرتووه‌، له‌کاتێکدا مه‌ترسى ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ؟
 
 
” له‌سه‌ر دروستکردنى به‌نداوه‌کانى تورکیا و ئێران وه‌ڵامى فه‌رمیمان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌”
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- له‌گه‌ڵ تورکه‌کان زۆرجار باسکراوه‌، به‌ڵام ئه‌وان هیچ ئاوێکیان نیه‌ بڕژێته‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڵکو زۆربه‌ى بۆ خوارووى عێراقه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌کان به‌فه‌رمى له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیرى کشتوکاڵ باسمکرد و نیگه‌رانى خۆمان بۆ دروستکردنى ئه‌و به‌نداوانه‌ گه‌یاندووه‌ و ئه‌وان وه‌ڵامیان ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ پاسدارانه‌وه‌ هه‌یه‌ و بڕیاره‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن به‌جۆرێک بێت زیان به‌هه‌رێم نه‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌سه‌ر دروستکردنى به‌نداوه‌کانى تورکیا و ئێران وه‌ڵامى فه‌رمیمان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ و پێویسته‌ حکومه‌تى عێراقیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێته‌ ده‌نگ.
به‌نداوى بێخمه‌ که‌ پێشتر پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق ڕێگربوو له‌بنیادنانه‌وه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ چه‌ند گوندێکى بارزانییه‌کان ئه‌وه‌ کێشه‌یه‌ هه‌رماوه‌؟
 
“پارتى ڕێگره‌ له‌دروستکردنى به‌نداوى بێخمه‌”
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- به‌ڵێ ئه‌و کێشه‌یه‌ هه‌رماوه‌، ئیداره‌ى وه‌زاره‌تى پێشوو هه‌وڵیدا ئه‌و به‌نداوه‌ دروستبکرێت، به‌ڵام به‌هۆى بارودۆخى سیاسى نه‌توانرا دروستبکرێت و به‌داخه‌وه‌ حزبه‌کان بڕیارده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر به‌نداوى بێخمه‌ دروستبکرێت گه‌وره‌ترین به‌نداوه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، بۆیه‌ ئه‌وێ ده‌بێته‌ قورگى عێراق هه‌رچه‌نده‌ مه‌به‌ستمان نیه‌ دژى عێراق به‌کارى بهێنین.
 
 که‌واته‌ ئێستاش پارتى ڕێگره‌ له‌دروستکردنى ئه‌و به‌نداوه‌ ؟
 
بعه‌بدولستار مه‌جید،:- ده‌ڵى پارتى ڕێگره‌ له‌دروستکردنى به‌نداوى بێخمه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر بده‌م که‌ پێشتر له‌کاتى دروستکردنى ئه‌و به‌نداوه‌ هه‌وڵ هه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ى ئاستى ئاوى به‌نداوه‌که‌ ئه‌گه‌ر دروستبکرێت که‌مبێت، به‌ڵام به‌و جۆره‌ى داواکراوه‌ هیچ سودێکى نابێت، هه‌وڵه‌کان بۆ دروستکردنى ئه‌و به‌نداوه‌ له‌کابینه‌ى پێشوو بووه‌ و ئێستا به‌هۆى قه‌یرانى دارایى ناتوانین ئه‌و به‌نداوه‌ دروستبکه‌ین.
 
بۆردومانکردنى سنوره‌کانى هه‌رێم به‌رده‌وامى هه‌یه‌ ئه‌و بۆردومانانه‌ تاچه‌ند زیانى به‌ که‌رتى کشتوکاڵ و گونده‌کانى ئه‌و سنوره‌ گه‌یاندووه‌؟
 
” تۆبارانکردنه‌کان له‌لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه‌ ئیدانه‌ده‌که‌ین”
عه‌بدولستار مه‌جید،:- تۆبارانکردنه‌کان له‌لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه‌ ئیدانه‌ده‌که‌ین و کارێکى خراپه‌ و زیانى زۆرى به ‌به‌رهه‌مى کشتوکاڵى گه‌یاندووه‌، که‌ به‌تایبه‌ت ناوچه‌ سنوریه‌کان به‌رهه‌مى زۆر باشیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام به‌هۆى بۆردومانه‌کانه‌وه‌ زه‌وى ده‌سوتێت و پارساڵ نزیکه‌ى 80 هه‌زار دۆنم زیاتر دارستان سوتاوه‌ ئینجا ئه‌وه‌ به‌هۆى ئێران یان تورکیاوه‌ بووه‌، بۆیه‌ زیانى گه‌وره‌ به‌هۆى بۆردومانه‌کانه‌وه‌ به‌ر که‌رتى کشتوکاڵ ده‌که‌وێت.
 
 بۆ به‌رگرتن به‌وکاره‌ هیچ هه‌وڵێکتان هه‌بووه‌؟
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- ڕوونکردنه‌وه‌مان داوه‌ به‌حکومه‌ت، به‌رگرتن به‌ بۆردومانى سنوره‌کان ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى حکومه‌ت قسه‌ى له‌سه‌ر بکرێت و داواى قه‌ره‌بوو بکرێت بۆ جوتیاره‌کان.
 
یه‌کێکى تر له‌وکێشانه‌ى روبه‌ڕووى که‌رتى کشتوکاڵ بۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقدایه‌، کێشه‌کان له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ چیه‌ و به‌کوێ گه‌یشتووه‌؟
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- حکومه‌تى عێراق چاوى به‌گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێشوونى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵنایه‌ت، به‌ڵام به‌هۆى ناته‌بایى ناوخۆى و قه‌یرانى سیاسى و یه‌کده‌نگ نه‌بوون ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌رفه‌تیان هێناوه‌ زیانمان پێ بگه‌یه‌نن، حکومه‌تى عێراق ڕێگرى له‌ ناردنى مریشک کرد و پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران نانێرێت و هه‌رێمى له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستى چه‌ته‌کانى داعش حساب کردووه‌ و جارێکى تر که‌مکردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى گه‌نمى جوتیارانى داواکرد، ئێستا دامه‌زراوه‌یه‌ک نیه‌ پارێزگارى له‌هه‌رێمى کوردستان بکات، وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ چۆته‌ ململانێ له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئێستا کێشه‌ى گه‌نممان هه‌یه‌ له‌کاتێکدا به‌ 500 ملیۆن دۆلار ده‌توانین خۆمان له‌ناوخۆ بیکڕینه‌وه‌، به‌ڵام قه‌یرانى دارایى رێگره‌ و ده‌بێت په‌نا بۆ به‌غدا ببه‌ین و به‌غداش تائێستا نیوه‌ى پاره‌ى گه‌نمى ساڵى 2014 نه‌ناردووه‌.
هیچ بازرگانیه‌کى کشتوکاڵى هه‌یه‌ له‌نێوان باشورى کوردستان و پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان ؟
 
” هه‌رپارچه‌یه‌کى کوردستان بیه‌‌وێت به‌رهه‌مى ئێمه‌ ببات کارئاسانى بۆ ده‌که‌م”
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- ئێمه‌ سه‌ردانى مێردینمان کرد و له‌ئێرانیش ڕامانگه‌یاند هیچ جیاوازیه‌ک له‌نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و باکور نیه‌، بۆیه‌ هه‌رپارچه‌یه‌کى کوردستان به‌یه‌وێت به‌رهه‌مى ئێمه‌ ببات کارئاسانى بۆ ده‌که‌م .
 
 تاچه‌ند وه‌ک وه‌زیرێک له‌پێکهاته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاسوده‌ى؟
 
” بۆچوون بۆکشانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ هه‌یه‌ له‌حکومه‌ت”
عه‌بدولستار مه‌جید،:- ئاسوده‌م به‌وه‌ى که‌توانیوومه‌ له‌گه‌ڵ هاوکارانم که‌مێک له‌ئه‌رکى خۆم جێبه‌جێ بکه‌م و که‌مێک هه‌وڵه‌کانمان ئه‌نجامى هه‌بووه‌، پاڵپشتى و هاوکارى بۆ وه‌زاره‌ته‌که‌م نیه‌ و ڕێگیریش له‌پڕۆژه‌کان ناکرێت، به‌ڵام ئێستا قه‌یرانى دارایى و قه‌یرانى سیاسى کێشه‌ى بۆ دروستکردووین.
    
سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان داوایکرد کۆمه‌ڵ له‌حکومه‌تى هه‌رێم بکشێته‌وه‌؟ بۆچوونى تۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چیه‌ ؟
 
عه‌بدولستار مه‌جید،:- سه‌رکردایه‌تى کۆمه‌ڵ بڕیار له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ ده‌دات له‌حکومه‌ت و تائێستاش ئه‌وه‌ یه‌کجار باسکراوه‌، هه‌رکه‌سێک قسه‌ له‌وبابه‌ته‌ بکات بۆچوونى خۆیه‌تى، هه‌رچه‌نده‌ بۆچوون بۆکشانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵ هه‌یه‌ له‌حکومه‌ت به‌ڵام نه‌بۆته‌ بڕیار، هه‌رکاتێک بڕیارى کشانه‌وه‌ له‌حکومه‌ت بدرێت بۆمن وه‌ک ده‌رهێنانى موو له‌ماست وایه‌، به‌ڵام جارى ده‌مانه‌وێت له‌حکومه‌ت بمێنێنه‌وه‌، کۆمه‌ڵى ئیسلامى سه‌رى به‌نوێنه‌ره‌کانى له‌حکومه‌ت به‌رزه‌ .
سەرچاوە: رۆژنیوز