عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ لە مانگی ڕابردوودا 95 ملیۆن و 260 هەزار و 683 بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هەناردەی دەرەوە كراون.
وتیشی، بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا و بە بەراورد بە مانگی ئایار زۆر زیادی نەكردووە و بە گشتی داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە سێ ملیار و 845 ملیۆن و 387 هەزار دۆلار.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر بەرمیلێك نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بە 40 دۆلار و 36 سەنت فرۆشراوە.
بەپێی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی حوزەیراندا ڕۆژانە سێ ملیۆن و 175 هەزار و 356 بەرمیل نەوت لە بەندەرەكانی باشووری عێراقەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراون.
لە مانگی ئایاری 2016دا، 99 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت لە عێڕاقەوە هەناردەكراوە و هەر بەرمیلێكیش لەو نەوتە هەناردەكراوە بە 37 دۆلار و 78 سەنت فرۆشراوە، كە داهاتەكەی گەیشتبووە سێ ملیار و 748 ملیۆن دۆلار.