له ڕێوڕه‌سمێكداو به ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی خانه‌كانی (ساوایان، كوڕان، كچان، به‌ساڵاچووان، داڵده‌دانی ئافره‌تانی هه‌ڕه‌شه‌لێكراو)، بەرێز جه‌مالی حاجی عه‌لی، كه‌سایه‌تی خێرخواز‌و چاكه‌ویستی‌و سەرمایەداری شاری سلێمانی، وه‌ك نرخاندنی هه‌وڵ‌و كار‌و ماندوو بوونی كارمه‌ندانی خانه‌كان كه خزمه‌تی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت‌و پیرو په‌ككه‌وته ده‌كه‌ن، دیارییه‌كی جه‌ژنانه‌ی به‌بڕی (50.000) په‌نجا هه‌زار دینار به‌خشییه (141) كارمه‌ندی خانه‌كان .
له‌و بۆنه‌یه‌دا، عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێریی‌و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی له پارێزگای سلێمانی‌و سه‌رنج حه‌مه‌سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی‌و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌كان ئاماده‌یبوون، هه‌ریه‌كه له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و سه‌رنج حه‌مه‌سعید وته‌یه‌كیان پێشكه‌شكرد‌و ده‌تسخۆشییان له كاك جه‌مال كرد كه به‌و كاره پیرۆزه هه‌ستاوه‌و نرخاندنی بۆ كاره‌كانی كارمه‌ندانی خانه‌كان هه‌یه.
له وته‌كه‌یدا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاماژه‌ی به بایه‌خ‌و گه‌وره‌یی‌و پیرۆزی‌و مرۆڤدۆستی كاری كارمه‌ندو توێژه‌رو مامۆستا‌و كارگوزارو پیرشۆرو چاودێر‌و داده‌ی به‌خێوكارو خزمه‌تكاری منداڵ‌و پیروپه‌ككه‌وته‌كان كرد كه به‌و په‌ڕی توانایانه‌وه‌و له هه‌موو بارودۆخێكداو به‌به‌رده‌وامی خزمه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن‌و ده‌ستیان له په‌روه‌رده‌كردن‌و چاودێریی سودمه‌نداندا هه‌یه‌و به دڵسۆزییه‌وه كاره‌كانیان ڕاده‌په‌ڕێنن .
له وته‌كه‌یدا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باسی گرنگی هاوكاری‌و چاكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرد‌و وتی :” ئه‌گه‌ر خێرخوازێك، چاكه‌كارێك، هاووڵاتیه‌ك، بیه‌وێت به‌شداربێت له‌م ئه‌ركه پیرۆزه‌دا كه ئێوه‌ی كارمه‌ندان ئه‌نجامیده‌ده‌ن، ئه‌وه ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات ئه‌ویش له ڕێگه‌ی پشتیوانی‌و هاوكاری‌و نرخاندنی كاری ئێوه‌وه، هه‌ربۆیه ده‌ستخۆشی له ته‌واوی خێرخوازان كرد كه به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر هاوكارو پشتیوانی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن تا هاوشانی قه‌یرانی دارایی خزمه‌ت به بێنه‌واكان به‌رده‌وام بێت، له‌ناویشیاندا ده‌ستخۆشی تایبه‌تی ئاراسته‌ی بەرێز جه‌مالی حاجی عه‌لی كرد كه وه‌ك نرخاندنی كاریان جه‌ژنانه‌ی به‌خشییه كارمه‌ندانی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و هیوای خواست سه‌رجه‌م سه‌رمایه‌داران باشتر هاوكارو پشتیوانی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بن كه له ئه‌ستۆگرتن‌و به‌ڕێوه‌بردنیان سه‌ره‌ڕای ئه‌ركی حكومه‌ت ئه‌ركی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌شه ” .
هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا، خێرخوازی ناوبراو هه‌ستا به دابینكردنی دوو كۆمپیوته‌ر (لاپ‌تۆپ) بۆ خانه‌كانی كوڕان‌و كچان‌و 4 ئایپاد بۆ دڵخۆشكردنی منداڵه‌كانی ئه‌و دوو خانه‌یه