قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە لەهەرێمی كوردستان كاری كردۆتە سەر سەرجەم سێكتەرەكانی ژیان و هاوڵاتیانیش رایدەگەیەنن: بەهۆی گیرفان بەتاڵیان ناتوانن وەك جەژنەکانی پێشوو شمەك و پێداویستیەكانیان بكڕن و ئەوەش بۆتە كێشە بۆ زۆرینەی خێزانەكان.
دواکەوتینی موچە و قەیرانی دارایی و بێ بازاڕی و ململانێی سیاسیەکان هەموو ئەمانە بەرۆکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتۆتەوە ”بە گوزەرکردننت بەناو بازارەکانی سلێمانیدا ئەوە لە ڕوخساری هاوڵاتیان بەدی دەکەیت کە لەم جەژنەدا خەندەو خۆشیەکان ماڵئاواییان کردوە”، ئەویش لەبەر سەختی ژیان و گیرفان بەتاڵیان.
هاوڵاتیەک لەم بارەیەوە دەڵێت: لە جەژنەکانی پێشوودا خەڵک موچەی هەبوو مانگانە موچەی کاملی وەرئەگرت ئەیتوانی پێداویستیەکانی بە زیادەوە بکڕێت بەڵام ئێستا ئەم قەیرانە کەریگەری کردۆتە سەر هەموو شتێک.
ئازاد کە دوکانی چەرەساتی هەیە لەشەقامی مەولەوی لەم بارەیەوە وتی: ساڵان لە جەژندا خەڵک بە سێ کیلۆ و چوار کیلۆ چەرەسی ئەکڕی و باشترین جۆریشی داوا ئەکرد بی گوێدانە نرخەکەی بەڵام ئێستا خەڵک سەیر ئەکات و نیوکیلۆشی بۆ ناکڕێت.
حاجی ئیسماعیلیش دەڵێت: موچەی خانەنشنینی ٩ مانگم لەلای حکومەتە ئێستەش عەرەبانەم پێەو حەماڵی ئەکەم ئیش نییە ئەمڕۆ کە نزیک بانگی عەسرە یەک فلسم پەیا نەکردوە دوێنیش بای ٤ هەزار ئیشم کردوە حکومەتیش موچەی خانشین نادات ئیتر چۆن ئەتوانم هەموو پێداویستیەکانی جەژن بکڕم.
جەزا سابیر کە دووکانی قەسابی هەیە لەبەر بەلەدێکە وتی: ئەم قەیرانە کاریگەری زۆری هەیە نەک هەر بە تەنها بۆ جەژن بەڵکو رۆژانی تریش بازاڕمان زۆر کز بووە ئەوەی بازاڕی تۆزێک بوژاندۆتەوە هاوڵاتیانی بیانی و عەرەبە ئەگینا کورد پارەی پێ نیە.
هاوڵاتیان رایدەگەیەنن: دواکەوتنی موچە ڕاستەوخۆ کاری لەژیانی رۆژانەیان کردوە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن بەهۆ قەیرانی داراییەوە بارێکی دەرونی خراپی بۆ دروست کردون کەناتوانن بەهۆی گیرفان بەتاڵیانەوە بۆ ئەم جەژنە وەک ساڵان تەواوی پێداویستیەکانیان بکڕن.
خاتونێکیش کە سەرقاڵی کڕینی پێداویستیەکانی جەژن بوو لەبەر مزگەوتی گەورە وتی: کرێجیم و هاوسەرەکەم مامۆستایە و نیو موچە وەردەگرێت بۆیە ناچارم بگەرێم بەدوای شتی هەرزانە و هەوڵ بەم تەواوی پێداویستیەکانم بە کەمترین نرخ بکڕم.
کاسبکارێکش وتی: بە درێژای ئەمرۆ تا ئێستا کە دوای نیوەرۆیە بای هەزار دینار شتم فرۆشتوە کە پارەی دوو چایە، ”وتیشی ئەگەر ئەم قەیرانە ئاوا بەردەوام بێت کێشەی کۆمەڵایەتی قوڵ سەرهەڵئەدات بە جۆرێک کە دادگاکان و وەزارەتی ناوخۆش بۆیان چارەسەر ناکرێت .
دواکەوتنی موچە تەنها لە جەژندا کاریگەری لەسەر بازار و گیرفانی هاوڵاتیان نیە بەڵکو هەنگاو هەڵگرتنێکی نەخوازراویشە بەرەو تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و خێزانەکان پێشینانیش دەڵێن ( کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە ).