چوونی گەشتیاری بیانی بۆ توركیا بەڕێژەی یەك لەسەر سێ‌ دابەزیووە

 
 چوونی گەشتیاری بیانی بۆ توركیا بەڕێژەی یەك لەسەر سێ‌ دابەزیووە‌و نزمترین ئاستی لە 22 ساڵی رابردوودا تۆماركردوە، جێگیری سەرۆك وەزیرانی روسیاش دەڵێت: گفتوگۆمان لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانیەكان بۆ توركیا نەكردوە.
دەستەی ئامارەكانی توركیا ئاشكرایكردوە: لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا هاتنی گەشتیارانی بیانی لەسەدا 34 پۆینت 7 دابەزیووە‌و لەماوەی ئەو مانگەدا تەنها 2 ملیۆن‌و 490 هەزار گەشتیار سەردانی توركیایان كردوە، كە ئەوەش بەنزمترین ئاست دادەنرێت لەدوای ساڵی 1994وە تۆماركرابێت، هەر بەپێی ئامارەكان، گەشتیارانی روسیا بۆ توركیا لەسەدا 91 پۆینت 8 كەمبوەتەوە.
رۆژی دوو شەممە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە روسیەكەوە بەرەسمی داوای لێبوردنی لە حكومەتی مۆسكۆ كرد، ئەمرۆش ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆكی روسیا بڕیاریدا سزاكانی سەر توركیا لە بواری گەشتیاریدا هەڵبگرێت و گەشتی هاوڵاتیانی ڵاتەكەی بۆ توركیا دەستپێبكاتەوە.