ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵی سنوری باشماخ دەستپێدەكاتەوە

 
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵی سنوری باشماخ دەستپێدەكاتەوە‌و رێگەش لە قاچاخچیە گازفرۆشەكان دەگیرێت بچنە دیوی ئێران.
ماوەی چوار رۆژە بەهۆی تێكردنی گازی زیادە لەلایەن بارهەڵگرەكانی عیراقەوە، ئیدارەی مەرزی باشماخی دیوی ئێران، ناهێڵێت هیچ بارهەڵگرێك بچێتە خاكی ئەو وڵاتە‌و جموجۆڵی بازرگانی لەو خاڵە سنوریە وەستاوە.
لەدوای كۆبوونەوەی بەرپرسانی خاڵی سنوری باشماخیش لەگەڵ بەرپرسانی دیوی ئێران، گەیشتنە رێككەوتن كە لەرۆژی پێنج شەممە 30ی حوزەیرانی 2016وە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستپێبكاتەوە، بڕیاریش دراوە رێگە لە قاچاخچیە گازفرۆشەكان بگیرێت كە نەچنە دیوی ئێران.
بەپێی خاڵەكانی رێككەوتنەكە، وەرگرتن‌و تێكردنی گاز لەلایەن بارهەڵگرەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئارەزومەندانەیە‌و هیچ كەس‌و لایەنێك ناتوانێت بەزۆر پێیان بفرۆشێت، هەروەها دانانی پێوەری گاز كاریگەری نەبێت لەسەر دواكەوتنی بارهەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتی چوونیان بۆ ئێران. 
جگە لەوەش پاراستنی ئاسایشی شۆفێر‌و بارهەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران.