قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ چه‌ند ڕێنماییه‌ك ده‌داته‌ هاوڵاتییان

 
قایمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌، چه‌ند ڕێنماییه‌ك سه‌باره‌ت خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و شله‌مه‌نی‌ و هێلكه‌و گۆشت و قیمه‌، بڵاوده‌كاته‌وه‌و داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، له‌كاتی‌ بونی‌ هه‌رسه‌ر پێچییه‌ك، په‌یوه‌ندیی‌ به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن.
 دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی‌ كشتوكاڵ و ڤێتێرنه‌ری‌ و چاودێری‌ و بازرگانی‌ و ئاسایشی‌ ئابوری‌, به‌ختیار عه‌بدولڕه‌حمان قایمقامی‌ سلێمانی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا، ده‌ركردنی‌ چه‌ند بڕیارو ڕێنماییه‌كی‌ سه‌باره‌ت فرۆشتنی‌ شله‌مه‌نی‌ و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و هێلكه‌و گۆشت و قیمه‌ له‌ بازاڕو دوكان و سۆپه‌رماركێته‌كان بۆ هاوڵاتیان ڕاگه‌یاند.
 له‌به‌شێكی‌ ڕێنماییه‌كاندا هاتوه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك، شله‌مه‌نی‌ و خواردنه‌وه‌ی‌ گازی‌ به‌ر خۆرو سه‌رشه‌قامه‌كان نه‌كڕن و خۆیان له‌ كڕینی‌ هێلكه‌ی‌ به‌ر هه‌تاوو قیمه‌ی‌ ئاماده‌كراو و گۆشتی‌ بێمۆر و هه‌ڵنه‌واسراو به‌ دوور بگرن.
 ڕاشیگه‌یاند: له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی‌ پێش جه‌ژن، كاری‌ لیژنه‌كانیان بۆ سه‌لامه‌تی‌ هاوڵاتییان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌و داواشی‌ له‌هاوڵاتیان كرد، له‌كاتی‌ بونی‌ هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك، په‌یوه‌ندی‌ به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیانه‌وه‌ بكه‌ن.