رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانییه‌وه‌

له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا، راڤه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌كى هه‌ڵه‌ بۆ داواكارییه‌كى ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى له‌به‌ڕێز پارێزگارى سلێمانى كرا، داواكارییه‌كه‌ بریتى بوو له‌رێگه‌دان به‌فرۆشتنى شوقه‌و خانوو به‌كه‌سانى “وه‌به‌رهێن”ى عه‌ره‌ب‌و بیانى به‌شێوه‌یه‌كى “مه‌رجدار”. بۆیه‌ ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ڕاى گشتى سه‌باره‌ت به‌و داواكارییه‌و ده‌رباره‌ى هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌مه‌به‌ست‌و ئامانجى ژوورى‌و بارزاگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى به‌پێویست ده‌زانین:
یه‌كه‌م/ ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى، هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ گوزارشت له‌خواسته‌ نیشتمانییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان بكات‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌م وڵاته‌و نه‌وه‌كانى ئاینده‌مان بخاته‌ پێش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى دیكه‌وه‌. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵ‌و كۆششێكى ئێمه‌ ته‌نها به‌ئامانجى بوژانه‌وه‌و كاراكردنى ئابوری كوردستانه‌. وه‌ك ئاشكرایه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بێكارى‌و بێ بازاڕیى‌و قه‌یرانێكى سه‌ختى ئابورى به‌رۆكى به‌هه‌رێمى كوردستان گرتوه‌، ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى به‌مه‌به‌ستى هاندانى وه‌به‌رهێنى بیانى‌و سه‌رمایه‌گوزارى ده‌ره‌كى، به‌ئامانجى كاراكردنى ئابورى كوردستان‌و ره‌خساندنى هه‌لى كارى زیاتر بۆ گه‌نجان، له‌پێناو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و بوژانه‌وه‌ى شارى سلێمانى، پێشنیارى ئه‌وه‌ى بۆ به‌رێز پارێزگارى سلێمانى كردوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى “مه‌رجدار” ئاسانكارى بكات له‌فرۆشتنى موڵك‌و خانوودا به‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ عه‌ره‌ب‌و بیانیانه‌ى كه‌ له‌سلێمانى پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى بازرگانى‌و پیشه‌سازى‌و كشتوكاڵى ئه‌نجامده‌ده‌ن.
دووه‌م/ ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى لایه‌نى راوێژكاره‌و ده‌توانێت ته‌نها پێشنیار‌و خواست‌و داواى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن كه‌ چالاكى ئابورى ده‌كه‌ن‌و به‌دواى چاره‌سه‌ركردنیشییدا بچێت. داواكارییه‌كه‌ى ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى “مه‌رجدار”و رونه‌‌و هیچ راڤه‌كردن‌و لێكدانه‌وه‌یه‌كى هه‌ڵه‌ هه‌ڵناگرێت.
سێهه‌م/  ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى لایه‌نى جێبه‌جێكار نییه‌، چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى ئه‌م داواكارییه‌ له‌ئه‌ستۆى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردندایه‌و ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى لێى به‌رپرس نییه‌. ئێمه‌ دوپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ خوازیارین له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى “مه‌رجدار” ئاسانكارى بۆ هه‌موو ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ عه‌ره‌ب‌و بیانیانه‌ بكرێت كه‌ سه‌رمایه‌ ده‌هێننه‌ كوردستانه‌وه‌‌و وه‌به‌رهێنانى ئابورى له‌كوردستاندا ئه‌نجامده‌ده‌ن.
چواره‌م/ وه‌ك ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى، پێمانوایه‌ كه‌ ئه‌و ئاواره‌ عه‌ره‌بانه‌ى هاتونه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌ پێویسته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى مرۆیانه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، پێویستیشه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هاوكاریان بكات به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێد‌و مه‌ڵبه‌ندى ره‌سه‌نى خۆیان له‌داهاتووییه‌كى نزیكدا، چونكه‌ كوردستان له‌دۆخێكدا نییه‌ كه‌ تواناى له‌خۆگرتن‌و جێكردنه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ ئاواره‌ زۆره‌ى هه‌بێت‌و هه‌رێم ببێته‌ شوێنى نیشته‌جێبونیان.
 
 ژوورى بازرگانى‌و پیشه‌سازى سلێمانى
26/6/2016