تۆمه‌تی به‌رتیل دانی‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم، كۆمپانیایه‌كی عێراقی‌ ده‌خاته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌وه‌

لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ (مه‌زایا)ی‌ عێراقی به‌هۆی‌ رۆڵی‌ له‌ به‌رتیل دانی‌ كۆمپانیای‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم به‌ به‌رپرسانی‌ وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی عێراق ده‌ستیپێكردوه‌.
تۆمه‌تی وه‌رگرتنی‌ به‌رتیل له‌ كۆمپانیای‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم درایه‌ پاڵ محه‌مه‌د عه‌لاوی‌، وه‌زیری‌ پێشوی‌ گه‌یاندنی عێراق، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ناوبراو ناچاربو ده‌ست له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ بكێشێته‌وه‌.
كۆمپانیای‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هێڵی‌ ئینته‌رنێتی رێبه‌ری‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دابوه‌ گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی عێراق مۆربكات و له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و عێراق هێڵی‌ ئینته‌رنێت بڵاوبكاته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ ناوی‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ سایتی‌ (المسله‌)ی‌ وتوه‌: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای‌ مه‌زایا ده‌ستیپێكردوه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ زانینی رۆڵی‌ له‌و به‌رتیله‌ی‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم به‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی‌ وه‌زاره‌تی گه‌یاندنی داوه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌یسه‌م جه‌بوری‌، ئه‌ندامی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سایته‌كه‌ی‌ وتوه‌: وه‌زاره‌تی گه‌یاندن مه‌رجی ئه‌وه‌ی‌ دانابو ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ ئینته‌رنێتی‌ بێ سیم دابین ده‌كه‌ن، پێویسته‌ ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌بوه‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم گرێبه‌سته‌كه‌ بباته‌وه‌.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی یاسا، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دابو كه‌ 51%ی‌ خاوه‌ندارێتی‌ نه‌ورۆز تیلیكۆم، هی كوڕه‌ به‌رپرسێكی هه‌رێمه‌و 49%شی هی وڵاتێكی دوژمنه‌.
سەرچاوە : سبەی