فاروق مەلا مستەفا: چارەسەری قەیرانەكان بە شەفافیەت لەداهاتدا و گرنگیدان بەکەرتی تایبەت دەكرێ

سەبارەت بەچارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێم ، سەرمایەدار، فاروق مەلا مستەفا رایدەگەیەنێت چارەسەری قەیرانەكان دەكرێت بە مەرجێ شەفافیەت لەداهات و خەرجیدا هەبێت ، ئاماژە بەوەشدەكات بۆ چارەسەركردنی  قەیرانەكانی هەرێم پێَشنیازی خۆی بەراِشكاوانە داوەتە لایەنە  بەرپرسەكان و گفتوگۆی لەگەڵ كردوون.
فاروقی مەلا مستەفا سەرمایەداری ناسراوی کوردستان‌و عێراق رایگەیاند: ” چارەسەری قەیرانی دارای هەرێم بەکەمکردنەوەی خەرجی و پارێزگاری کردن لە داهات بەدی دێت”.
فاروقی مەلا مستەفا ڕاشکاوانە وتیشی: ” رونی و شەفافیەت لە داهاتی نەوت‌ و ڕێنمای دروست بۆ کۆمپانیاکان لەلایەن حکومەتەوە، دوور کەوتنەوە لە قۆرخکردن و بە عەدالەت پێدانی پرۆژەکان بەگشت کۆمپانیاکان دەرمانی چارەسەری گرفتەکانی هەرێمی کوردستانن”.
ئەو سەرمایەدارە دەشڵێت: چارەسەری قەیرانی دارای هەرێم قورسە، بەڵام هەموو گیروگرفتێکیش چارەسەر دەکرێت ” دەبێت حکومەت و حیزب هاوکاری کۆمپانیاکان بکەن نەک کێبڕکێیان لەگەڵدا بکەن”.
 ئەم وتانەی فاروقی مەلا مستەفا لە ” وەڵامی پرسیاری رۆژانامەنوساندا هات کە ناوبراو لەساتی کردنەوەی یەکێک لە پرۆەکاندا بوو لە شاری سلێمانی ”.
ئەم قسانەی فاروقی مەلا مستەفا لە کاتێکدایە گرفتی موچەو پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دواکەوتن و وەستاندنی هەزاران پرۆژەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە بۆتە مۆتەکەیەک و تا ئێستا دەرچەیەک بە دی نەهاتوە بۆ چارەسەری ئەم گرفتانە.
هاوکات جگە لە وەزارەتەکانی پێشمەرگەو ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرجەم وەزارەتەکان و دەستەکانی تر بە سیستەمی پاشەکەوت موچەیان پێدەدرێت و ئەوانیش هەمیشە لەوادەی خۆیاندا دوا دەکەون و نیگەرانی لای فەرمانبەران دروست کردوە.
فاروقی مەلا مستەفا ڕاگەیاند: ” ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بەشێکین لە عێراق”، من دایمە ئەم  قسەیە دووبارە ئەکەمەوە چونکە ” سەروەت و سامانی عێراق زۆرترە لەهی کوردستان”. ئێمە بە گوێرەی دەستوور و ئیتیفاقات و قانون لەگەڵ عێراقدا بەشدارین لە سامانەکانی عێراقدا، ”توانای حکومەت هی هەرێم و عێراقیش نەوتە ئەگەر نەوت بە شافافیەت هەموو کەسێک  ئاگای لێ نەبێت و بەشدار نەبێت لە چارەسەر کردنیا ئەم قیرانە هەر ئەمێنێت”. 
فاروقی مەلا مستەفا وتیشی: کوردستان دەوڵەمەندە لە نەوت‌و غاز دەڵەمەندین لە ئاودا لە توانیای مرۆیدا، خەڵکی ئیشکەر زۆرە لە وڵاتی ئێمەدا، بەڵام پێویستیمان بەوەیە کە پلانمان هەبێت و ئەو پلانانەش جێبەجێ بکرێت، پلان کاتێک ئەبێت بە قسە کەموتابەعە و بەدواداچون نەبێت و تەنفیزی پلانەکان نەکرێت بە شێوازێکی علمی و دوور لە بەش بەشێنەی ئەم حیزبانە لە ئێستادا لە ناو خودی حیزبەکانیشدا بەش بەشێنە و منافەسات هەیە، کوردستان ئەگەر لەمە رزگاری نەبێت ئەم گیروگرفتە بەردەوام دەبێت.
فاروقی مەلا مستەفا راشیگەیاند: حکومەت دەبێت چارەسەری بۆ کێشەکان هەبێت، لەم ڕوەوە فاروقی مەلا مستەفا بە دیاری کراوی دەڵێت:  ” حکومەت لە وڵاتانی پێشکەوتودا ئاڕاستەی کەرتی تایبەت دەکات مونافەسەی ناکات، حیزبەکان کە لەسەر حوکمن ئەبێت بەشداری بکەن لەگەڵ کەرتی تایبەتدا بە شێوەیەکی فعلی بۆ پێشخستنی، ئەبێ ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەیە دوورکەونەوە لە ئیعتیکار”.
لە ڕیگەی ئەم قسانەی فاروقی مەلا مستەفاوە ڕون دەبێتەوە ” هێشتا ئاسۆکان بۆ چارەسەر گردنی تەنگەژەکانی دارای هەرێم  هەنگاوی نەناوە، بەڵام ئەوە یەکلایبۆتەوە کە شەفافیەت و سودبینین لە توانا دارای و مرۆیەکانی کەرتی تایبەت تاکە رێگەی چارەسەرە بۆ دەرباز بوون لەم تەنگەژە داراییانە .
هاوکات ئەمرۆ یەکشەممە لە سلێمانی پڕۆژەی كۆمەڵگای پیشەسازیی (IRALEX) کرایەوە، كە سێ‌ كارگە لەخۆدەكرێت و بریتیە لە كارگەی دروستكردنی سەندويچ پانەڵ و ئەلەمنیۆم پرۆفایل و رەنگكردنی پرۆفایلی ئەلەمنیۆم، فاروقی مەلا مستەفا لەم بارەیەوە رایگەیاند: ئەم پرۆژانەی من هەمە و بەردەوامم تیایدا وام کردوە کە بەشێک بێت لە پێشخستنی ئابووری وڵاتە و دابینکردنی هەلی کار و قازانجی گشتی هەبێت، من دایمە ئەڵێم ئەوەی لە شوێنێکدا پەیای ئەکەین لە دوو شوێنی تردا بەگەریدەخەین بۆ نموونە لەچەن رۆژی داهاتوودا یەکێک لە هەرە کارگە گەورەکانی چیمەنتۆ دەکەینەوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا دەستمان کردوە بە کارگەی ریسایکلینی خۆڵ‌و خاشاک کە بە هۆی حکومەتەوە دواکەوت.
 
نمونەی فاروقی مەلا مستەفا و هاوشێوەکانی هەنگاوی ئەرێنین بۆ چارەسەری گرفتە کەڵەبووکانی هەرێمی کوردستان، پێشینانیش وتویانە ( چەپڵە بەدەستێک لێ نادرێت ) .