موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی عێراق زیاد ده‌كرێت

له‌ دانیشتنی‌ دوێنێی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا، پرۆژه‌ یاسای‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ یاسای‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ده‌وڵه‌ت  كه‌رتی‌ گشتی‌ ژماره‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2008 په‌سه‌ندكرا، ئامانج له‌و یاسایه‌ش زیادكردنی‌ موچه‌ی‌ چه‌ند توێژێكی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌، ئه‌وانه‌ی‌ بڕوانامه‌ی‌ زانكۆیان هه‌یه‌، كه‌ ماوه‌ی‌ خوێندن تێیدا له‌ 5 ساڵ زیاتره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ ماجستێر و دكتۆران و ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ له‌كاتی‌ خزمه‌تدا بڕوانامه‌یه‌كیان به‌ده‌ستهێناوه‌.
هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا، بودجه‌ی‌ خه‌مڵێنراوی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ بۆ ساڵی‌ دارایی‌ 2013 په‌سه‌ندكرا، كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ 26.5 ملیار دیناره‌.
هاوکات گفتوگۆكانی‌ سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوش به‌رده‌وام بون و ژماره‌یه‌ك یاسای‌ تریش بۆ دانیشتنی‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتو دواخران، ئه‌وانیش یاسای‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكا و قه‌زا و ناحیه‌كان و پرۆژه‌ یاسای‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌.