نادیا کاردانەوەی هەبوو و دەستیکرد بە هاوارکردن “سوپاس بۆ خوا لە کۆڵم بووەوە” و ئەنجا دەستی کرد بە قسەکردن وتی: “وەها جیابوومەوە کە بە هیچ شێوەیەک گەڕانەوەی بۆ نییە”. هێشتا دوو مانگ بەسەر هاوسەرگیرییەکەم تێپەڕنەبووبوو، شووم بە ئامۆزاکەم کرد و دەرکەوت کە بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت، دەیەوێت من خەرجی ماڵ بکەم و وهەموو خەرجییەکانی خێزانەکە هەڵبگرم و ئەویش پشت بە هیچ نەبەستێت. ئەو رەتی کردەوە تەڵاقم بدات، هەربۆیە خۆم داوای یاساییم لەسر تۆمار کرد و لێی دەرچووم.”
ئەمە دووەم ئەزموونی ئەم خانمە بوو لەسەر جیابوونەوە، هەرچی دەربارەی هاوسەری یەکەمیانە یەکێک لە هاوڕێکانی براکەی بووە، هەر لە کاتی جێبەجێ کردنی پرۆسەی هاوسەرگیرییەکەیاندا لێی جیابووەتەوە، دەربارەی ئەو ئەزمونەیان دەڵێت” لەسەرەتادا هەموو شتێک بە سروشتی تێپەڕی و لە ڕێگای دادگاوە گرێبەستی هاوسەرگیریمان ئەنجامدا، دواتر ڕوی ڕاستەقینەیم بۆ دەرکەوت کاتێک دەستی کرد بە داواکردنی دابین کردنی ماڵ و کڕینی ئۆتۆمبێل بۆی چونکە دەیزانی کە باوکم دەوڵەمەندە و پارەی هەیە، منیش ڕەتمکردەوە، هەر بۆیە لە کۆتاییدا تەڵاقی دام”.
ئاماژەی بەوەکرد “زۆر بێزارم بەدەست تێڕوانینی کۆمەڵگاوە لەسەرم، تەنانەت خزمە نزیکەکانیشم کە وردەکاری چیرۆکی جیابوونەوەکەم دەزانن بەڵام وەکو تاوانبارێک سەیرم دەکەن کە هۆکاربووم بۆ هەردوو جیابوونەوەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا؛ سورم لەسەر ئەوەی ژیانم بەم شێوەیە بەسەر بەرم بەڵام پێویستم بە پیاوێک نییە پشتی پێ ببەستم”.
ئەمە یەکێک لەو هەزاران حاڵەتەیە کە ڕۆژانە تۆمار دەکرێن، بە پێی ئەوەی دادگاکانی عێراق ڕۆژانە ڕێژەی ٢٠ بۆ ٥٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار دەکات.
ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٥ی خستەڕو سەبارەت بە ڕێژەی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە کە بەم شێوەیەیە؛ (٢٣٠٧٥٩) پرۆسەی هاوسەرگیری لە سەرجەم دادگاکانی عێراقدا تۆمارکراوە، لە کاتێکدا (٥٢٤٦٥) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە %٢٠ ی هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە و %٧٠ ی داواکاریی جیابوونەوەکان لە لایەن ژنەکانەوە بووە.
سەرۆکی دەسەلاتی دادوەری بەغداد، دادوەر (ئەمیر زەین ئەلعابدین) دەڵێت”ڕێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە ڕوو لە هەڵکشانە و زۆربەیان ئەو حاڵەتانەن کە پاش ماوەیەکی کەم لە هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێن ” دادوەر ئەم هۆکارانەش دەگێڕێتەوە بۆ” هاوسەرگیری دەرەوەی دادگاکان و فرەژنی و هاوسەرگیری پێش وەخت، ئەمەش جگە لە دۆخی خراپی ئابوری و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری”.
زەین ئەلعابدین ئاماژە بەوەش دەکات “لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی لەمڕۆدا ڕێژەی جیابوونەوەی زیادکردووە ئەینتەرنێتە، پێشتردا ئەستەمبوو ناپاکی هاوسەرگیری بسەلمێنێت بەڵام لە ئێستادا زۆر ئاسانە و ئەوەندە بەسە کە ژن یان پیاوەکە پەیوەندییەک ببەستێت لە ڕیگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و ئاشکرابێت و دواتریش جیابوونەوەی بە دوادا دێت”.
لەم رووەوە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تابیەت بە ئافرەتان لە عێراق، پێیان وایە رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لەو ژمارەیە زۆرترە کە دەسەڵاتی دادوەری بڵاوی دەکاتەوە، بەتابیەتی کە زۆر حاڵەتی تەلاق هەیە لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدرێت لەبەر ئەوەی هاوسەرگیرییەکەش لە دەرەوە بووە. بە گوێرەی هەندێک لەو رێکخراوانە، رێژەکانی تەڵاق لە سەرووی ٦٥% و هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی دابەشبوونی خێزان و کاریگەرە نەرێنییەکانی بەسەر کۆمەڵگای عێراقییەوە.
نادیە جەعفەر، توێژەری کۆمەڵاتی و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی بەغدا، دەڵێت: “رێژەکانی جیابوونەوە مەترسیدارە، بۆ نموونە، لە نێو ١٠ کەس کە دەچنە دادگا تەنها دووانیان بۆ هاوسەرگیرییە و هەشتەکەی دیکە بۆ جیابوونەوەیە.” نادیە هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە “هۆکاری ئابووری بنچینەیە کاتێک هاوسەرگیرییەک دەکرێت، کچەکە پێی وایە ئەو هەموو خەونەکانی بۆ بەدی دەهێنێت، بەڵام دوای چەند هەفتەیەک پێچەوانەکەی بۆ دەردەکەوێت، بەوەش کێشە دروست دەبێت و دەگاتە جیابوونەوە.”
لە بارودۆخێکی وەهادا، تا ئێستا لە لایەن دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری راستەوقینە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو ژمارە زۆرە، لەبەر ئەوەی بابەتی ئاسایش و جەنگی دژ بە تیرۆر و گەندەڵی لە کارە گرنگەکانی حکوومەتن.