لە سلێمانی بەرێوەبردنی چێشتخانەکان لەلایەن ژنانەوە لە زیادبووندایە

ژنان شان بەشانی پیاوان كاردەكەن و پێیانوایە چیدی ژنان وەك جاران لە چوارچێوەی دیوارەكانی ماڵێكدا نامێنێتەوە وتوانا و بەهرەكانی خۆی پێشان دەدەن،لە كاركردنی ژنانیشدا سلێمانی پێشەنگە و ژمارەیەك ژن چێشتخانەیەكان داناوە لەبواری دروستكردنی خواردندا دەست رەنگینی خۆیان دەخەنەروو.
یەکێک لە نیشانەکانی کرانەوەی کۆمەڵگا بەشداری کردنی ژنانە لە کایەکانی ژیاندا، بۆ وێنە لە شاری سلێمانی ژن کار دەکات وەک خۆشیان دەڵێن: هەلومەرجیکی وایان بۆ ڕەخساوە کە لەڕووی کارکردنەوە لەگەڵ پیاوان هیچ جیاوازیەکیان نیە.
خاتوونێک کە خاوەنی چێشتخانەیە لەم بارەیەوە دەڵێت: لەگەڵ سێ کچی هاورێمدا بیرۆکەی ئەوەمان بۆ هات کە دەستکەین بە دانانی چێشتخانەیەک بۆ ئەوەی ئێمەش شان بە شانی ئافرەتانی دەرەوەی کوردستان ئیشکەین و هیچ جیاوازیەکمان نەبێت لەگەڵ پیاواندا ، ئێمە ٦ مانگە لەم چێشتخانەیەدا ئیش دەکەین و شوێنەکەشمان شەعبیە هیچ کێشەشمان نیە و رەخنەشمان لێنەگیراوە هەموو کەسیک دەستخۆشیمان لێ دەکات و مشتەریەکانیشمان هەموویان دەڵێن: هیوادارین نموونەتان زۆربێت و داوای ئەوەش دەکەن کە لە دەرەوەی شاری سلێمانیش لقیان بۆ بکەینەوە.
خانمێکیش کە لە چێشتخانەکەدا کار دەکات لەم بارەیەوە وتی: ئێمەی ئافرەتیش وەک پیاوان ئەتوانین شانبەشانی ئەوان لە دەرەوەی ماڵ کاربکەین، من خۆم یەکێک بووم لەوانەی کە لەماڵەوە بووم کە زانیم  ئەم شوێنە کراوەتەوە و تەنها بۆ ئافرەتانە ئیشی تێدا بکەن زۆر دڵم پێخۆش بوو بێم بەشداربم لەگەڵیا، ئێستا هەست دەکەم ئافرەتێکم بوونم هەیە لە ناو کۆمەڵگادا.
هەندێک لە چێشتخانەو رێستۆرانتەکان لە شاری سلێمانی لەسەر دەستی خانمان بەرێوەدەچن ، ( کورد وتەنی: دەستاوی ژن خۆشترە لە کاتی نان‌و چێشت دروست کردندا )، رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە هۆکارەکان بۆ قەرەباڵغ بوونی ئەو چێشتخانانەی کەژن بەڕێوەیدەبات.
خاتوو کەلسووم کە خاوەنی چێشتخانەیە لەم بارەیەوە دەڵێت: بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت من ئەم چێشتخانەیەم کردۆتەوە لە کیلۆیەکەوە دەستم پێکرد یەعنی لە کیسەیەک کوبەوە وردە وردە ئیشمکردوە لە ماڵی خۆما خەڵکێکی زۆر دەشجیعی کردوم و پێ وتووم ئیشەکانت جوانە وایان لێکردم پەرەم بە ئیشەکەمدا، هیوادارم هەموو ئافرەتێک هەریەکەوە لە ماڵی خۆیەوە هەریەکەوە بە توانای خۆی هەوڵبدات بتوانێت ئیشکات و لەماڵەوە بێتەدەرەوە.
خانمێکیش کە لە چێشتخانەکەی خاتوو کەلسومدا کار دەکات وتی: زۆر سپاستی خێزانەکەم‌و هاوسەرەکەم   دەکەم کە هیچ ڕێگرنین لەبەردەم ئیشکردنمدا بەڵکو هانیشیان داوم و پشتیان گرتوم تا بەردەوام بم، وتیشی: هاوسەرەکەم پۆلیسەو بە ٤ مانگ جارێک موچە وەردەگرێت‌و کرێجین پێویستمان بە پارەیە بۆیە لێرە ئیشدەکەم و خەڵکیش دەستخۆشیمان لێ دەکەن و زۆر ڕازین لە ئیشەکانمان و مشتەریشمان زیاتر لە چێشتخانەکانی تر چونکە خەڵک دەڵێن خواردنی ئافرەت پاک‌وتەمیزتر و باشترە.
قەیرانی دارای کاریگەری کردۆتە سەر ژنانی فەرمانبەریش دوای ئەوەی کە مووچەکانیان کەم کرایەوە بۆ نیوە وەک خۆیان دەڵێن: ناچاربووین کە کارێک بدۆزینەوەو بیکەین بە سەرچاوەی بژێوی خۆمان.
خاوەنی چێشتخانەیەکیش وتی:  بەڕاستی ئێمە خۆمان پێشتر فەرمانبەر بووین بەبۆنەی ئەم قەیرانی دارایەوە موچەنەما و ئیش کەم بوو هەڵساین بەم کارە، رۆژانە چەندین ئافرەت دێنە لامان و ژمارە مۆبایل جێدەهێڵن و دەڵێن هیوادارم وەرمانبگرن ئێمەش وەکو ئێوە ئیشکەین.
ئەو ژنانەی کە کاردەکەن لەچێشتخانە و ناوەندەکانی مامۆڵەو کڕین و فرۆشتندا وەک کاسبکارێک هیچ جیاوازیەک لە نێوان خۆیان پیاوانی کاسبکاردا نابینین و بۆیە دوا دەکەن کە پاڵپشتی بکرێن تاوەکو ئەو ژنانەی کە لەماڵەوەن چاو لەمان بکەن و بێکار دانەنیشن لەماڵەوە.