لە سلێمانی مانگانە 23 هەزار تۆن گەنم بۆ ئاشەكان دابین دەكرێت

 بۆ دابینكردنی بەشە ئاردی هاوڵاتیان، لەسنوری پارێزگای سلێمانی، 35 ڕۆژ جارێك سایلۆی سلێمانی 23 هەزار تۆن گەنم بۆ ئاشەكان دابین دەكات، ئەوەش لەپێناو گرنگیدان و بەرەوپێشبردنی بەروبوومی جوتیاری ناوخۆ. 
بەڵام دواكەوتنی پارەی جوتیاران و ئافات لە چەشنی سن و كیسڵە خەریكە بەرهەمهێنانی دەخاتە گەنم لە مەترسیەوە.
گەنم بەرهەمی جوتیاران‌و قوتی رۆژانەی خەڵک، رۆژانەو لە دوای هەر نوێژ و تەقوایەک جوتیارانی کوردستان نزا بۆ بارینی باران و ساڵی بەرەکەت دەکەن، تا هیچ نەبێت لەرێگای بەرهەمەکانیانەوە کە سەرەکیترینیان گەنمە بتوانن خۆیان و منداڵەکانیان پۆشتەو پەرداخ بژین.
قەیرانی دارای هەرێم و سیاسەتی ناتەندروستی بەغدا بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان دوانەی پڕە لە کارەسات و نەهامەتین ماوەی سی ساڵە ئەوەی جوتیارانی هەرێم بەرهەمیدەهێنن دەڕواو ناگەرێتەوە.
جوتیارێکیش لەم بارایەوە دەڵێت: بارودۆخی جوتیاران لەو پەڕی خراپیدایە، جوتیار پارەی پێنیە ، پارەی جوت قەرزارە، پارەی  درەوی دەڕاسە قەرزارە ، گەنمەکەشی پارە ناکات کار ئاسانی بۆ جوتیار ناکرێت بەتایبەتی لە سایلۆکاندا کە وەجبەیەک پارە دێ پاش  چەند رۆژی دەڵێن نەما، دواکارین لە حکومەت ئیشیکمان بۆ بکات و چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە.
جوتیارێکی تری لەم بارەیەوە وتی: ” ١٠ دۆنم عەرزم کردوە بە گەنم لایەنی کەم ٣ تۆن بەس کیمیای پێویستە ئەمە بێجگە لە دەرمانە کشتوکاڵیەکانی تر ، تۆی گەنمەکەش هەر بە پارەیە” ئیتر چۆن جوتیار ئەتوانێت هەموو ساڵێک خەریکی کشتوکاڵ بێت و هەموو ساڵێکیش زەرەر بکات.
پانتای دەشتی شارەزوور لەدیدی شارەزایانی ئابووریدا ”سەکۆی کۆکردنەوەی داهاتێکی زۆر و زەوەندە بەڵام لە باری واقعی ئێستادا ئەم دەشتە پان‌و بەرینە بۆ دانیشتوانەکەی بەهۆی کەم تەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و ئافاتی لە جۆری سن‌و کیسڵەو بەهەدرچونی رەنجی جوتیارانەوە بۆتە بزاوتێکی وەستاو”.
جوتیاریکی دەشتی شارەزوریش لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەم ساڵ باردۆخی جوتیار لەوپەڕی خراپیدایە بەهۆی سن و کیسڵەوە، بەهۆی ئەوەی گەنم دەرجە دوو و سێیە دەرەجەی یەک کەمە حکومەتیش کار ئاسانی بۆ جوتیاران ناکات بەتایبەتی سایلۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ، جوتیار پارەی گەنمی ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ وەرنەگرتوە ئەوە ٢٠١٦ش هاتەسەری.
جوتیارێکی تری ناوچەی شارەزوور وتی: ئەگەر حکومەت ئاوڕ لەو خەڵکە نەداتەوە خەڵک چی بکات، ئەو گەنمە چی لێ بکات، ” ئەبێت حکومەت گەنمەکە وەربگرێت و یارمەتی جوتیار بدات.
 
وەک جوتیاران دەڵێن:” بەرهەمی گەنم وەک پێداویستیەکی رۆژانەی خەڵک زەرورەتە و دەبێت هەبێت” لەبەرامبەردا هیچ لایەک خەم لەم زەرورەتەی ژیانی خەڵک ناخوات‌و خەریکە تەواوی جوتیاران مایەپوچ دەبن، بەرهەمی گەنمیش کە هەر ٣٥ رۆژ جارێک پێویستە ٢٣ هەزار تۆن بکرێتە ئارد بەرەو لاوازی دەڕوات.