قەیرانی دارای کۆتای بە سەردەمی زێڕینی زەوی هێناوە

لە دوای هاتنی قەیرانی دارایی ، زەوی هیچ کات نەگەڕایەوە سەردەمی زێڕینی خۆی و نرخەکەی رۆژ بە رۆژ دادەبەزێت، بەپێی زانیاریەکانیش بەشێکی هاوڵاتیان پارەکانیان لە کڕینی زەویدا خەرج کردوە ئێستا دەستیان ناکەوێتەوە.
پەبێی زانیاریەکانی نوسینگەی فرۆشتنی زەوی قەیرانی دارایی کاریگەری خراپی  لەسەر دابەزینی نرخی زەوی داناوە، دابەزینەکە لە هەندێک شوێن دەگاتە نزیکەی لە ٥٠% لە هەندێک شوێنیش لە سەدا٣٠%، دابەزینەکەش هەموو پارجە زەویەکانی گرتۆتەوە.
خاوەن نوسینگەیەکیش ئەو زانیاریانەی پشت ڕاست کردوە و نەیشاردوە بازاڕی زەوی زۆر ڕووی لە کزی کردوە کەم کەس ئێستا ڕوو لە زەوی کڕین دەکەن، هەموشی پەیوەستە بە قەیرانی داراییەوە، وتی ” داکشانی نرخی زەوی هەموو جۆرە پارچە زەویەکی گرتۆتەوە بە تایبەتی ئەو زەویانەی کە ئیفراز نەکراون یان خزمەتگوزاریان نیە.
بەپێ زانیاریەکانی ئەو خاوەن نوسینگەیە ئەگەر جاران زەوییەک ١٠٠ هەزار دۆلار دەکا، هەر بۆ نمونە لەگەرەکی قرگەی شاری سلێمانی ئەگەر زەوییەک ٧٠٠ هەزار دۆلاری کردبێت ئێستا ٤٠٠ هەزار دۆلار دەکات.
خاوەن نوسینگەی پاشاش هەمان قسەی پشتڕاست کردەوە و وتی ” یەکەکانی نیشتەجێبونیش لەم دۆخە زیانیان بەرکەوتووە.
هەر بەتەنها زەوی نیە هاڕەی کردوە بەڵکو کەرتی خانووبەرەش لەهەمان دۆخدایە بەجۆرێک بەشێک لە هاوڵاتیان ئێستا گرێبەستەکانی یەکەی نیشتەچێبوون یان یەکەکانیان بە کەمتر دەفرۆشنەوە، ئەوانەش بەشێکیان پارەیان نیە قیستەکانیان بدەن بەشێکێ تریش بەهۆی تەواو نەبونی یەکەکانیانەوەکە نایانەوەی چاوەڕوانی زیاتر بکەن.
محەمەد هاوڵاتیەکی  دەرەوەی شاری سلێمانیە و فەرمانبەرەی حکومەتە، ئەو ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک لە شاری سلێمانی لە کەرتی گشتی دامەزرا بیری لەوە کردوە کە ببێتە خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون تا لەم ماوەیەدا بۆی رەخسا فۆرمی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بە ٥ هەزار دۆلار کڕی، بەڵام ئێستا ئەو هیچ دڵخۆش نیە، وتی” ئێستا ئەو فۆرمە بە ٥٠٠ دۆلار ئەفرۆشمەوە، چونکە یەکەم پارەم پێویستە, دوەمیش پارەی قیستەکانی ترم نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا خانوەکان تەواو نەبوون.
بەشێک لە هاوڵاتیان کورد وتەنی ( پارەی سپییان بۆ ڕۆژی رەش هەڵگرتووە و پاشەکەوتیان هەیە ) ئێستا بە باشترین کات دەزانن بۆ ئەوەی زەوی‌و خانوو بکڕن بۆیە ئێستا پارەکانیان دەردەکەن و خانوو دەکڕن.
شێرزادی کاسبکار لەم دواییەدا بەشێك لە داهاتەکەی تەرخانکرد بۆ ئەوەی زەوی بکڕێت چونکە پێیوایە ”ئەو زەویەی ئێستا لە شوێنە دوورە دەستەکان بە ٢٠ هەزار دۆلار دەست دەکەوێت کە قەیرانی دارای نەما ئەو زەویە دووقاتی خۆی پارە دەکاتەوە.
 وتیشی ” کاتی خۆی بەشێک لە داهاتەکەم بۆ ئێستا پاشەکەوت کردووە ، هەرچەندە ئەو پارەیە بۆ من زۆرە بەلام دان بەخۆمدا دەگرم بۆ ئەوەی دوای قەیرانی دارایی قازانجی زەویەکە قەرەبوم بۆ دەکاتەوە.
ئابووریناسان دوای شرۆفەیەکی وردی ئەم بابەتە هاتونەتە سەر ئەو ڕایەی ئەم دۆخەی بەسەر بازاڕی زەویدا هاتوە زیانی هەیە چونکە زۆر کەس پێش قەیران پارەی خستە ئەم جۆرە لە بازرگانی‌و ئێستا پارەکەی دەستناکەوێت یان زیان دەکات ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر کەرتی  ئابوری‌و بازار دەبێت.
مامۆستا نیهاد خالید سەرۆکی بەشی دارای‌و بانک لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆی  قەرەداخ باسی لەوەکرد، کە ئەو وای دەبینێت ” بەهۆی ئەوەی هەرێم خاوەنی کۆمەڵگایەکی نەختینەیە واتا (  هەڵگری پارە بەشێوەی نەقد ) ، بەشێوەیەکی گشتی خەڵک پارەی پاشەکەوتکراوی  خستۆتە کڕین‌و فرۆشتنی زەویەوە لەوەش قازانجی کردوە، بەڵام ئەم دۆخە وای لە خەڵک کردوە پارەی بەلاوە خۆشەویستر بێت نەک زەوی‌ و خانو ئەوەش وای کردوە پارەکانیان لەم بوارەدا بەخەرج کردن نەدەن بۆیە ئێستا خەڵکێکی زۆر لەم بوارەدا کاریان کردوە بێکارن”.
سەرۆکی بەشی دارای‌و بانک لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆی قەرەداخ جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەم دۆخەدا کەسانێک سوودمەندبون کە ترسنۆک بوون لە خەرجکردنی پارەدا ئەوانیش کەمینەن بۆیە ئەم دۆخە زایانی زۆرترە لە قازانچ”،
هەروەک خاوەن نوسینگەیەکی کڕین‌و فرۆشتنی زەوی ئاماژەی پێکرد کەوتنی بازاری زەوی زیانی زۆری بە نوسینگەکان گەیاندوە.