ئەمڕۆ چوارشەممە 24-10-2012، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران دەربارەی یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی 2013ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە كۆبوونەوەكەدا پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2013 گفتوگۆی لە سەركراو وەزیری دارایی و ئابووری هێڵە گشتیەكانی بودجەكەی خستەڕوو.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەشی راگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بە مەبەستی پاراستنی ئەولەویەتی پێداویستییەكانی حكوومەتیش، بڕیار درا كە وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، دووبارە بودجەكە بە جۆرێك دابەش بكاتەوە كە تیایدا ڕەچاوی ئەولەویەتی پێداویستیەكانی هاووڵاتیان بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە ڕوونكرایەوە كە لە بەرئەوەی بەشێكی زۆری بودجە بۆ بەكاربردن دەڕوات، بە تایبەتیش بۆ مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، بودجەكە لە ئاستی تمووحی حكوومەتدا نیە.
هەر لەمبارەیەوە وەزارەتەكان بە شێویەكی گشتی گلەییان لەوە هەیە كە ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخان كراوە، لە ئاستی ئەو پرۆژانەدا نیە كە ئامادەیان كردوون و لە پێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ هاووڵاتیان، دەیانەوێ ئەنجامیان بدەن.
ئەنجومەنی وەزیران تیشكی خستە سەر ئەوەی كە بەهۆی زیادكردنی خەرجیەكانی سەروەری و نەدانی خەرجیەكانی پێشمەگە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دابەزیوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لە سەر جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت و وای كردووە كە حكوومەت نەتوانێت هەموو ئەو پڕۆژانەی بەرنامەی بۆ داناون، بخاتە واری جێبەجێكردنەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە میكانیزمێكی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران دووبارە بە سەر فەرمانگەكانی حكوومەتدا دابەش بكرێنەوە و كێشەی هەبوونی فەرمانبەری زیاد لە هەندێ فەرمانگە و كەمییان لە هەندێ فەرمانگەی دیكە، چارەسەر بكرێت.
سەرچاوە- هاوڵاتی